پاریس سانجێرمان و بایرن میونشن کێبڕکێی راوکردنی هاری کەین دەکەن
هەولێر – نۆرس پرێس
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی ئینگلتەرا، یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی هەوڵدەدات لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا گرێبەست لەگەڵ هاری کەین، هێرشبەری یانەی تۆتنهام هۆتسپێرس بگوازێتەوە.
ماڵپەری وەرزشی ESPN لە زاری رۆژنامەی بەریتانی “The Independent” ەوە بڵاویکردەوە کە یانە فەرەنسییەکە بە جددی بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ هاری کەین دەکاتەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کەین ماوەیەکە لە راداری یانە پاریسییەکەدایە.
بەگوێرەی ESPN، یانە پاریسییەکە ئامادەیە هەر ئۆفەرێکی رکابەری پێشکەش بە بایرن میونشن بکات، کە بایرن میونشنیش ئارەزووی بۆ ئەو ئەستێرە ئینگلیزییە نیشانداوە.
یانە ئەڵمانییەکە لەم هەفتەیەدا دوو ئۆفەری پێشکەش بە تۆتنهام کرد بۆ گواستنەوەی کەین، بەهای دووەمیان 103 ملیۆن دۆلار بوو.
سانجێرمان هەوڵدەدات قەرەبووی ئەگەری ئامادەنەبوونی کیلیان مباپێی فەرەنسی بکاتەوە، کە پەیوەندییەکانی نێوان خۆی و ئیدارەی یانە فەرەنسییەکە گەیشتووەتە بنبەست، ئەمەش لەکاتێکدایە کە قسە و باسی رۆیشتنی بۆ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا دەکرێت.