کۆریای باشوور.. گیانلەدەستدانی 35 کەس وئاوارەبوونی هەزارەها بەهۆی لافاوەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەسەڵاتدارانی کۆریای باشووری رایانگەیاند، کە لە ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕ لە کۆریای باشور کە بووەتە هۆی دروستبونی لافاو 35 کەس گیانیان لەدەستداوە و 10 کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون، ، هاوکات 7866 کەس ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.
بۆ ماوەی سێ رۆژ چەند ناوچەیەک لە کۆریای باشوور، بارانێکی بەخوڕیان بەخۆوە بینی، ئەمەش بووەهۆی دروستبونی لافاو و دواتر سەرڕێژبونی بەنداوێکی گەورە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئەوە پشتڕاستکرایەوە، کە 35 کەس گیانیان لەدەستداوە و 10 کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون ، کە زۆربەیان بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە.
زۆرینەی قوربانییەکان، خەڵکی پارێزگای باکووری گیۆنگسانگ بوون، ژمارەی قوربانیان بەردەوام لە هەڵکشاندایە.
لەو ناوچانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتوە، “تەواوی ماڵەکان روخاوون”، ئەوەش بەپێی کارمەندێکی فریاگوزاری کە بە ئاژانسی هەواڵی “یۆنهاپ”ی راگەیاندووە.
وەزارەتی ناوخۆی کۆریای باشوور ئاماژەی بەوەکردوە، بەهۆی لافاوەوە لە پارێزگای باکووری گیۆنگسانگ، هەندێک کەس بێسەروشوێن بون، بەپێی ئامارەکان، کارمەندانی فریاگوزاری هەوڵدەدەن بگەنە نزیکەی 19 ئۆتۆمبێل کە لە تونێلێکی ژێرزەمینیدا بە درێژایی 430 مەتر گیریان خواردوە لە شاری چیۆنگجو لە پارێزگای چۆنگچۆنگی باکور.
ئاژانسی هەواڵی “یۆنهاپ” بڵاویکردەوە، تەرمی کەسێک دۆزرایەوە و نۆ کەس لە پاسێکدا رزگارکراون، دوای ئەوەی لافاوەکان زۆر بە خێرایی تونێلەکەیان گرتەوە و خەڵک نەیانتوانی هەڵبێن.
یەکێک لەو نۆ رزگاربوەی کە لە پاسەکە لەناو تونێلەکەدا رزگارکرابوو، بە ئاژانسەکەی راگەیاندوە، “کاتێک ئاوەکە بە لێشاو هات، ئۆتۆمبێلی زۆر لەناو تونێلەکەدا هەبوو، ئاستەکەی زۆر بەخێرایی بەرزبوەتەوە”.
هەروەها لە پێنجشەممەی رابردووەوە، بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە نزیکەی 26 هەزار و 600 خێزان بەهۆی پچڕانی کارەباوە زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام لەسەدا 98ی ئەو زیانانە لە کاتێکی دواتردا چاککراونەتەوە.
هەروەها سەرۆک “یۆن” داوای لە حکومەت کرد هەموو هێزی مرۆیی و سەرچاوەی بەردەستی بۆ وەڵامدانەوەی کارەساتەکە کۆبکاتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری، 1239 سەرباز لە پرۆسەی هاوکاری و فریاگوزاریدا بەشدارن و 6500 سەربازیش لە سەرتاسەری وڵات لە ئامادەباشیدان.