تورکیا پرۆسەی دیپۆرتکردنی سورییەکانی چڕتر کردووە
رەقە – نۆرس پرێس
تورکیا 160 کەس لە دەروازەی شارۆچکەی گردی سپییەوە، دیپۆرتی سنوری سوریا و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن کرد، لەنێویاندا چالاکوانێک هەیە، کە لە ساڵی رابردووەوە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە دەستبەسەر کرابوو.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، هێزەکانی تورکیا 160 کەسیان دیپۆرتکردۆتەوە بۆ گردی سپی لە پارێزگەی رەقە لە باکووری سوریا، لەنێویاندا چالاکوانێکی میدیایی بە ناوی “عەبدولرەحمان عیسا” هەیە، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە لە گرتوکخانەکانی تورکیا راگیراوە.
بەپێی چەندین ناوەندی بەڵگەکردنی پێشێلکاریەکان لە باکوری سوریا، لەماوی چەند مانگی رابردوودا، تورکیا لە ژێر ناوی “گەرانەوەی خۆبەخشانە” دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێی سورییەکانیان چرتر کردووەتەوە.
هەر دوێنی هەینی، 14ی تەمموز، تورکیا 22 هاوڵاتی سوریی لە دەروازەی باب هەواوە دیپۆرتی خاکی سوریا کرد، پێش ئەوەش لە 12ی تەمموز لە رێگەی دەروازەی سەرێ کانییەوە 47 کەسی دیکە دیپۆرتی سوریا کران.