لە ماوەی دە رۆژدا.. گوندەواری مەنبیج بە 81 گولەهاوەن بۆردومان کراوە

مەنبیج- نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی مەنبیج رایگه‌یاند، گونده‌كانی سه‌ر هێڵه‌كانی بەرکەوتن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی توركیا و لایەنە چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ باكووری رۆژئاوای شاره‌كه‌، له‌ ماوه‌ی ده‌ رۆژی رابردوودا 81 گوله‌ هاوه‌نیان بەرکەوتووە.

ئەمەش لە راگەێنێکدا هاتووە کە ئەنجومەنەکە لە روپەڕی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە.

بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی سەربازی مەنبیج، ئەو گوندانەی دەكەونە سەر هێڵەكانی بەرکەوتنی نێوان هێزەكانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبیج و هێزەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن، لە ماوەی دە رۆژی رابردوودا بە 81 گولە هاوەن كراونەتە ئامانج.

ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ راشیگه‌یاندووه‌، ئه‌و گوندانه‌ی بۆردومان كراون بریتین له‌ “عه‌ره‌ب حه‌سه‌ن، ئه‌لموحسینلی، عه‌ون ئه‌لدادات، تۆخار، ئه‌لهۆشریه، ئه‌لجات، ئه‌لسیاده‌، ئه‌ل یالنلی، ئه‌لكا‌وكلی، كۆرهیوك و ئه‌لبوغاز”

بەپێی زانیارییەكانی ئەنجومەنەکە، سەرچاوەی بۆردومانەكان لە بنكەكانی توركیاوە بووە كە لە گوندەكانی ئەلتۆخاری گەورە و شێخ ناسر و یاشلی جێگیركراون.

ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی هیچ زیانێكی مرۆیی له‌ ئه‌نجامی بۆردومانی ناوچه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی ده‌ ڕۆژی ڕابردوودا رانەگەیاندووە.