هەولێر – نۆرس پرێس
سندوقی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) رایگەیاند، نزیکەی 289 منداڵ لەمساڵدا گیانیان لەدەستداوە یان دیارنەماون، لەکاتێکدا هەوڵدەدەن ڕێڕەوی کۆچکردن لە ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاست ببڕن، لە باکوری ئەفریکاوە بەرەو ئەوروپا.
سندوقی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوەکردووە، لەمساڵدا نزیکەی 289 منداڵ لە ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە یان دیارنەماون، ئەوەش یەکسانە بە مردن یان دیارنەمانی نزیکەی 11 منداڵ لە هەفتەیەکدا.
کاترین ڕوسیل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف رایگەیاند، لە هەوڵی دۆزینەوەی سەلامەتی و یەکگرتنەوە لەگەڵ خێزانێک و گەڕان بەدوای داهاتویەکی هیوابەخشتردا، زۆرێک لە منداڵان لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست سواری بەلەم دەبن، بەهۆیەوە ژیانی خۆیان لەدەستدەدەن یان لە ڕێگادا ون دەبن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە کە پێویستە زیاتر کاربکرێت بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی سەلامەت و یاسایی بۆ منداڵان بۆ داوای مافی پەنابەری، لە هەمان کاتدا هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک لە دەریادا بەهێزتر بکرێت، داواشی کرد کە هۆکارەکانی کۆچکردن لە رەگ و ریشەوە چارەسەر بکرێن.
لە بەیاننامەکەدا هاتوە، لە مانگی یەکی 2023ەوە یونیسێف مەزەندەی کردوە کە نزیکەی 11 هەزار و 600 منداڵ لە باکوری ئەفریکاوە گەیشتونەتە کەناراوەکانی ئیتاڵیا.
یونیسێف ئاماژەی بەوەکردوە، لە ساڵی 2018وە نزیکەی هەزار و 500 منداڵ لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بون.