بە سەردانێکی رانەگەیەندراو.. سەرۆکوزیرانی عێراق لە هەولێر بوو
هەولێر– نۆرس پرێس
پاشنیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە، بە سەردانێکی رانەگەیەندراو، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی بەسەر کردووەتەوە.
میدیاکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڵاویانکردەوە، کە لە لایەن سەرۆک مەسعود بارزانییەوە پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراقی کراوە، کە بە یاوەری چەند بەرپرسێکی کابینەکەی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و دواتریش سەردانی چەند ناوچەیەکی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردووە.
دەربارەی هۆکاری سەردانەکە، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لەسەر بانگهێشتی تایبەتی مەسعود بارزانی، محەممەد شیاع سوودانی سەردانی هەولێری کردووە.
هەروەها باسم عەوادی ئاماژەی بەوەشکردووە، “بە یاوەری سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی چەند ناوچەیەکی پارێزگای هەولێری کردوو”.