دیمەشق – نۆرس پرێس
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ئەیمەن سەفدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن داوای لە پرۆگرامی خۆراکی جیهانی و خێرخوازانی دیکەی کرد، کە پاڵپشتی بۆ پەنابەرانی سوریا نەبڕن.
سەفدی لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە، کەمکردنەوەی هاوکارییەکان بۆ پەنابەرانی سوریا لە ئوردن سەختی و تەحەدیات بۆ حکومەتی وڵاتەکەی زیاد دەکات و ئازارەکانیش زیاتر دەبن.
ڕوونیشی کردەوە، تا 1ی ئاب، بەرنامەی خۆراکی جیهانی پاڵپشتییە گرنگەکانی بۆ پەنابەرانی سووری لە ئوردن دەبڕێت و هەندێک دەزگای دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەندێک لە خێرخوازانیش هەمان کار دەکەن.
ناوبراو ڕایگەیاند، کە ئوردن هەوڵدەدات ڕاوێژ لەگەڵ وڵاتانی میوانداری ناوچەیی بکات بۆ کۆبوونەوەیەک بۆ پەرەپێدانی وەڵامێکی هاوبەش لەبارەی کەمبوونەوەی پشتیوانی بۆ پەنابەرانی سوریا لە بەرنامەی خۆراکی جیهانی و بەخشەرەکانی دیکە، چونکە ولاتی ئوردن ناتوانێت ئەم بۆشاییە پڕبکاتەوە، ئەگەر پشتیوانیەکان و هاوکاریەکان بۆ ئەم پەنابەرانە ببڕدرێت.
سەفدی جەختی لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان کردووەتەوە، وەک خۆیشی دەڵێت، دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ پەنابەران ناتوانرێت کە تەنها لەسەر حکومەتی وڵاتەکەی بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاوارەکانی سوریا لە ئوردن زیانیان پێدەگات و ئوردن بەرپرسیارەتی هەڵناگرێت، بەپرسیارەتی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی کە پشتیوانیەکانیان بڕیوە، بەو پێیەی ئوردن ناتوانێت بە تەنیا ئەم بارگرانییە هەڵبگرێت.
هاوکات داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرد کە کار لەپێناو گەڕانەوەی هاوکاریکردنی پەنابەرانی سوریا بکرێت و تا ئەو کاتەیشی کە ئەوە ڕوودەدات جەختی لەسەر پشتیوانییەکی گونجاو کردەوە.