لێکەوتەکانی قەیرانی سوتەمەنی لە وێسگەکانی حەسەکە

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەنزینخانەکانی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، قەیرانێکی قەرەباڵغی خنکێنەر و سەرەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلەکانی بەخۆوەبینی، کە لە چاوەڕوانیدا بوون بۆ وەرگرتنی سووتەمەنی تەرخانکراو بۆیان، هاوکات بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتی سووتەمەنی هۆکاری قەرەباڵغیەکەی بۆ دابەشکردنی سووتەمەنی گازۆیل گەڕاندەوە بۆ کارگەکانی ناوچەکە.

عەبدوڵڵا سالم، کە لە کۆمپانیایەکی شیرەمەنی و دابەشکردنی پەنیر کار دەکات، ئاشکرای دەکات، لە یەکشەممەی رابردووەوە بەشە سوتەمەنییان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا پێشتر رۆژانە سوتەمەنییان لەبەردەستدا بوو، بەبێ بوونی هیچ ئاماژەیەک بۆ قەیران.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتژمێر حەوتی بەیانیەوە لەسەر هێڵێکی درێژ وەستاوە کە زیاتر لە 1 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە، rوونیشیکردەوە کە “نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا هەفتانە 50 لیترمان دەستدەکەوت، بەڵام ئێستا بۆتە 10 رۆژ و لەگەڵ ئەوەشدا قەرەباڵغییەکی زۆر هەیە”.

سەرەی ئۆتۆمبێلەکان لە یەکێک لە بەنزینخانەکان لە بازنەی سیناڵکۆوە تا پردی گوندی ئەلموفتی لە ناوەندی شار درێژبووەوە.

لەکاتێکدا یەزن ئەحمەد، کارگێڕ لە لیژنەی سووتەمەنی حەسەکە هۆکاری ئەو قەیرانەی گەڕاندەوە بۆ گواستنەوەی بڕێکی زۆر لە سووتەمەنی گازۆیل بۆ بەشی پیشەسازی (کارگەکان)، روونیشیکردەوە کە ئەو قەیرانە لە سەرجەم وێستگەکانی شارەکەدا هەیە.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، بڕێکی باش سووتەمەنی گازۆیل وەردەگرن، بەڵام پێویستییەکی زۆر هەیە لەو کارگانەوە کە بەگازۆیل کاردەکەن، بۆیە بەگوێرەی قسەکانی بۆ ئەو کارگانە دەگوازرێتەوە.

ئەحمەد باسی لە وادەیەکی دیاریکراوی نەکرد بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکان و تەنها ئاماژەی بەوەدا کە دابەشکردنەکە بەپێی پێویستی هەر بەشێک ئەنجام دەدرێت.

لە کۆتایی مانگی رابردووەوە نرخی لیترێک گازۆیل بۆ 425 لیرە بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا پێشتر تەنها بە 410 لیرە بووە.

ئامادەکردن و دارشتنەوەی: روبین عومەر