یانەی ریال مەدرید بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکرێت

بەشی وەرزش – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، رۆژنامەی “تەلەگرافی بەریتانی” راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا یانەی ریال مەدریدی بە گەندەڵی تۆمەتبار کراوە.

لەو راپۆرتەی کە لە ژمارەی دوێنێی رۆژنامەی “تەلەگرافی بەریتانی”دا بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوەدراوە کە یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لە “حاڵەتێکی گوماناویدا”یە، ئەمەش گومان لەسەر تێوەگلانی یانەکە لە دۆسیەیەکی گەندەڵیدا دروستکردووە.

لە راپۆرتەکەی رۆژنامەی تەلەگرافدا ئاماژە بەوە کراوە، کە نزیکەی 135 ملیۆن یۆرۆ لە بودجەی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا لەژێر ناوی “خەرجییەکانی دیکەی کارکردن”، لەنێویاندا 122 ملیۆن یۆرۆ کە ئاشکرا نەکراوە چۆن ئەو پارەیە خەرج کراوە.

سەرچاوەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە ریال ئامژەی بەوە نەداوە کە ئەو بڕە پارە بۆ چی مەبەستێک بەکارهێنراوە, واتا لە تێبینییەکانی خۆیدا روونکردنەوەی زیاتری لەسەر ئەو بابەتە نەنووسیوە کە بۆچی ئەو پارەیەیان خەرج کردووە.

بەڵام بەپێی گوتەی رۆژنامەکە بێت، بەشێکی وەک پارەدان لەسەر گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی دارایی ئەمریکی بۆ کڕینی داهاتی بازاڕکردن لە داهاتوودا، یەکێك لەو گرێبەستانە لەگەڵ گرووپی “پرۆڤیدێنس” بوو بۆ سەرمایەی تایبەت، ریال مەدرید گرێبەستی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە کردووە و پارەی پێداون، بۆ ئەوەی لە داهاتوو سوود و داهاتی زیاتر بەدەستبهێنێت.

رۆژنامەکە ئەوەشی پشتڕاست کردوەتەوە، هیچ شتێک نییە ئاماژە بەوە بکات کە گرێبەستەکە لەگەڵ “پرۆڤیدێنس” نایاساییە، هەرچەندە پرسیار هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا لەگەڵ کۆنتڕۆڵە داراییەکانی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپادا کە بە “یاسای یاریی خاوێن” ناسراوە دەگونجێت یان نا.