ئیسپانیا راپەرێک بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە “داعش” لە سوریا دادگاییدەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

عەبدولمەجید عەبد باری، راپەری پێشووی بەریتانی، لە سەردانەکەیدا بۆ سوریا لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015، لەبەردەم دادگای تاوانەکانی ئیسپانیا ئامادەبووە، بەهۆی ئەوەی پەیوەندی بە دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”ەوە کردووە، هاوکات هەموو ئەو تۆمەتانەی لەسەری بوو رەتیکردووەتەوە.

ئەو گەنجە تەمەن 32 ساڵەی خەڵکی رۆژئاوای لەندەنە و رەگەزنامەی بەریتانی لێسەندراوەتەوە، رووبەرووی ئەو تۆمەتانە دەبێتەوە کە وێنەیەکی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردووەتەوە و لەکاتی مانەوەی لە سوریا سەرێکی براوی بەدەستەوەیە.

راپەری بەریتانی بە رەچەڵەک میسری، عەبدولمەجید عەبد باری، لە ساڵی 2020 لە ئیسپانیا دەستگیرکرا، و رۆژی چوارشەممە لەبەردەم دادگای مەدرید ئامادەبوو.

هەروەها داواکارانی گشتی تۆمەتباری دەکەن بەوەی “فێڵی ئینتەرنێت”ی لەگەڵ دوو هاورێیدا ئەنجامداوە بۆ دابینکردنی بودجەی “چالاکی تیرۆریستی”، داوای سزادانی نۆ ساڵ زیندانیکردنی دەکەن.

کاتێک لە مانگی نیسانی 2020 لە شارۆچکەی ئەلمێریای باشووری ئیسپانیا دەستگیرکرا، چەند رۆژێک دوای گەیشتنی بە بەلەم لە جەزائیرەوە، ئەو هاووڵاتییە بەریتانییە، بە رەچەڵەک میسری، لەلایەن پۆلیسەوە بە “چەکدارێکی تیرۆریستی بیانی دەوڵەتی ئیسلامی” ناوبرا.

عەبد باری لە بنەرەتدا هاوڵاتییەکی هاوبەشی بەریتانی و میسری بووە، بەڵام بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رێکخراوەکەدا رەگەزنامەی بەریتانی لێسەندراوەتەوە.

باری رەتیدەکاتەوە هەرگیز سەردانی رەقەی کردبێت و رایگەیاندووە، ئەوە ئەو نییە لە وێنەکەدا کە سەرێکی براوی بەدەستەوەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە ناسنامەیەکی ساختە لە تورکیا هاتووە، دواتر چووەتە میسر و بریاریداوە بچێتە جەزائیر بۆ ئەوەی “بە ئاشتی” بژی.

لەوێشەوە گەشتێکی بۆ ئیسپانیا کرد بۆ ئەوەی گەشت بکات بۆ فەرەنسا یان بەلجیکا بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری، بەڵام بەو پێیەی هەموو شتێک بەهۆی کۆرۆناوە داخراوە، لەگەڵ گەیشتنیشی لە ئەلمێریا مایەوە تاوەکو دەستگیرکردنی و ئەمرۆ پێنجشەممە دادگاییکردنەکە بەردەوامی دەبێت بەڵام پێشبینیناکرێت لە ماوەیەکی کورتدا بریارەکە دەربکرێت.