هەولێر- نۆرس پرێس
هاندەرانی ریال مەدرید چرکەکان دەژمێرن بۆ گرێبەستکردنی یانەکەیان لەگەڵ کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی و دوایین زانیارییش لەسەر ئەو بابەتە ئەوەیە کە یانەی شاهانە “کاتژمێری سفری” بۆ گرێبەستکردنەکە دیاری کردووە.
پڕوپاگەندە و بانگەشەکان بەردەوامن سەبارەت بە گرێبەستە پێشبینیکراوەکەی ریال مەدرید لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان لەم هاوینەدا.
رادیۆی “ئۆندا سێرۆ”ی ئیسپانی ئاماژەی بەوەدا کە لە چەند کاتژمێری رابردوودا گۆڕانکارییەکان لەنێو ریال مەدریددا روویانداوە، دەشڵێت ژمارەیەک بەرپرسی دیاری `ریال مەدرید بە شێوەیەکی ئەرێنی بینراون و بە زەردەخەنەوە کۆبوونەوەی نێوخۆیان جێهێشتووە.
سەرچآوەکە بڵاویشیکردەوە، هەندێک لە بەرپرسانی ریال مەدرید پێیان وایە لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئێمباپێ ئاماژەن بۆ رۆیشتنی ئەو یاریزانە لە پاریس، بەڵام هیچ کەسێک لە مەدریدیش رەتیناکاتەوە کە ترس هەیە سەبارەت بە گۆڕانکارییەکی چاوەڕینەکراو، چونکە وەرزی رابردوو ئەمە روویدا و ئێمباپێ گرێبەستەکەی نوێکردەوە.
پاریس بەنیازە 80 ملیۆن یۆرۆ وەک پاداشتی دڵسۆزی بداتە ئێمباپێ ئەگەر گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، بەمەش هاندەرانی ریال مەدرید بێ هیوا دەبن لە هاتنی ئەو یاریزانە.
گرێبەستەکەی ئێمباپێی تەمەن 24 ساڵ لەگەڵ سانجێرمان لە مانگی حوزەیرانی 2024 کۆتایی دێت، یاریزانەکە بە فەرمی ئامادە نییە گرێبەستەکەی بۆ زیاتر لەم وادەیە درێژ بکاتەوە، هاوکات ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانە پاریسییەکە وادەیەکی پێدا کە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆتایی دێت و تەنیا حەوت رۆژی ماوە، بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، یانیش ئیدی دەبێت بیفرۆشن.