دوای رەزامەندی تورکیا بۆ بەئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ.. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەخت لە هاوبەشیی لەگەڵ “هەسەدە” دەکاتەوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمریکا جەختی لە بەردەوامیی هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” کردووەتەوە، ئەوەش لە وەڵامی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هات بۆ رۆژنامەنووسان، سەبارەت بە کاریگەرییەکانی رێگەدان بە سوێد لە لایەن تورکیاوە بۆ پەیوەندیکردن بە هاوپەیمانی ناتۆوە لەسەر رۆژئاوای کوردستان.
ئەو لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هات کە لەلایەن گوتەبێژەکەی، ماتیۆ میلەرەوە لە وەڵامی پرسیارێکدا هات کە “ئایا هیچ داواکارییەک لە تورکیاوە بۆ ئەمریکا یان ئەندامانی دیکەی ناتۆ هەبووە سەبارەت بە پشتیوانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات”.
میلەر گوتی “هێزەکانی سوریای دیموکرات هاوبەشێکی گرنگ بوون و ئێستاش هەروان، لە شەڕی دژ بە تیرۆردا”، بەڵام رەتیکردەوە وردەکاری زیاتری دانوستانە دیپلۆماسییە تایبەتەکان بدرکێنێت، دەربارەی ئەوەی لە هاوپەیمانانی ناتۆدا روودەدات.
میلەر، دەربارەی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە”، گوتی “ئەوان ئازایانە شەڕیان کرد بۆ رزگارکردنی ناوچەیەکی فراوانی سوریا لەژێر کۆنترۆڵی داعش (…) ئەوان وەک هاوبەشی ئێمە دەمێننەوە”.
ماتیۆ میلەر، جەختی لە گرنگی هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات کردەوە، لە رێگریکردن لە گەیشتنی داعش بە ئاواتەکانی بۆ دووبارە کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە.
ئەمریکا لە ماوەی رابردوودا چەندین جار هۆشداری داوە لە هەر ئۆپەراسیۆنێکی تورکیا لە باکووری سوریا، بەو پێیەی شەڕی “داعش” تێکدەدات و زیان بە سەقامگیری ناوچەکە دەگەیەنێت.