بەهۆی بۆردوومانێکەوە لە سوودان 34 کەس کوژران و لەنێویاندا منداڵ هەیە

 هەولێر– نۆرس پرێس

وەزارەتی تەندروستی لە ویلایەتی خەرتوم رایگەیاند، لە بۆردومانێکی هەڕەمەکیدا بۆسەر بازاڕێکی بەناوبانگی شاری “ئوم درمان”ی سوودان، 34 کەس کوژران، کە لەنێویاندا منداڵ هەیە.

بەگوێرەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی سوودان، زۆربەی کوژراوەکان کاسبکارانی بازاڕی (ئەلمەلجە)ن و خاوەن ئۆتۆمبێلی تاکسی و پاس بون.

بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتی،، تا ئێستا بەهۆی ململانێکانی سوودانەوە زیاتر لە 2800 کەس كوژراون، جگە لە ئاوارەبونی زیاتر لە دوو ملیۆن و 800 هەزار کەس، بەو پێیەی زیاتر لە 600 هەزاریان پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی بۆ میسر لە باکوور و چاد لە رۆژئاوا بردوە بۆ کۆچکردن.

شەڕەکان لە خەرتومی پایتەخت و ناوچە نزیکەکانی ئەو وڵاتە چڕتربونەتەوە، ئەمە جگە لە ناوچەی دارفور لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە، کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشداریداوە لەوەی ناوچەکە رەنگە بە ئەنجامدانی تاوانی دژە مرۆڤایەتی پۆلێن بکرێت.