ناتۆ: هیچ خشتەیەک بۆ بەئەندامبوونی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانی ناتۆدا دانەندراوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ینس ستۆڵتنبێرگ، سكرتێری گشتیی ناتۆ، ئەمرۆ سێشەممە 11/7/2023 رایگەیاند، هیچ خشتەیەک بۆ بەئەندامبوونی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانی ناتۆ دانەنراوە، هەروەها سەرکردەکانی ناتۆ لە میانی لوتکەی ڤیلنیۆس، پلانێکی بەرگریی تۆکمەیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووسیا خستەڕوو.
ستۆڵتنبێرگ گوتی: “ئێمە پشتڕاستمانکردەوە کە ئۆکرانیا دەبێتە ئەندام لە ناتۆ و رێککەوتین لەسەر هەڵوەشاندنەوەی مەرجی پلانی کارکردنی ئەندامێتی.”
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە رێڕەوی ئەندامێتی ئۆکرانیا لە دوو هەنگاوەوە دەگۆڕێت بۆ هەنگاوێک، هەروەها ئۆکرانیا دەبێتە ئەندام ” هەرکاتێک هاوپەیمانان رێکبکەون و مەرجەکان جێبەجێ بکرێن”.
ستۆڵتنبێرگ بۆ رۆژنامەنووسان، جەختی لەوە کردەوە کە سەرکردەکانی ناتۆ ڕێککەوتن لەسەر بانگهێشتکردنی ئۆکرانیا بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ، کاتێک “مەرجەکان جێبەجێ دەکرێن”، ئاماژەی بەوەشکرد، هاوپەیمانییەکە کراوەیە بەڕووی ئەندامانیدا و ئەوانەن کە بڕیاری فراوانکردنی ئەندامێتی خۆیان دەدەن نەک مۆسکۆ.”
هەر لە هەمان چوارچێوەدا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رەخنەی لە دانانی خشتەی کاتی بۆ ئەندامێتی ئۆکرانیا گرت و بە “بێمانا” وەسفی کرد.
لەلایەکی دیکەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا هەڕەشەی کرد، گوتی لە ئەگەری بەئەندامبوونی ئۆکرانیا و سوید لە ناتۆ، روسیا رێوشوێنی “گونجاو و چالاکانە” دەگرێتەبەر.