نەتەوە یەکگرتووەکان “گەرمترین هەفتەی ساڵی 2023” رادەگەیەنێت

هەولێر – نۆرس پرێس

داتا سەرەتاییەکان کە لەلایەن رێکخراوی کەشناسی جیهانییەوە بڵاوکراونەتەوە، دەریانخستووە کە هەفتەی یەکەمی مانگی تەممووز گەرمترین هەفتە دەبێت بەدرێژایی ئەمساڵ.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 11ی تەممووزی 2023، رێکخراوی کەشناسی جیهانی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، “جیهان رووبەڕووی گەرمترین هەفتەی ساڵ بووەتەوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان”، دوای گۆرانی کەشوهەوا و قۆناغە سەرەتاییەکانی دیاردەی “ئێل نینۆ” وایکرد مانگی حوزەیرانی رابردوو گەرمترین مانگ بێت تاوەکو ئێستا .

ئەم داتایانە دوایین تۆمارە لە زنجیرەیەک تۆمارکردن لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لەوانە وشکەساڵی لە ئیسپانیا و شەپۆلی گەرمای زۆر لە چین و ئەمریکا.

رێکخراوی کەشناسی جیهانی پشتراستیکردەوە کە پلەکانی گەرما خەریکە ئاستی پێوانەیی تێپەرێنن لەسەر زەوی و لە زەریاکاندا، لەگەڵ “کاریگەری وێرانکەر لەسەر ئیکۆسیستەم و ژینگە”.

کریستوفر هیویت، بەرێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی کەشوهەوا لە رێکخراوەکە دەڵێت: “ئێمە لە ئاستێکی نادیارداین و چاوەرواندەکرێت لەگەڵ پەرەسەندنی دیاردەی ئەل نینۆ ئاستێکی پێوانەیی زیاتر تێپەرێنرێت و ئەم کاریگەرییانە تاوەکو ساڵی 2024 درێژدەبنەوە، ئەمەش هەواڵێکی نائارامکەرە بۆ جیهان”.

رێکخراوی کەشناسی جیهانی ئاماژەی بەوەدا کە داتای جۆراوجۆری لە هاوبەشەکانی لە سەرانسەری جیهان وەرگرتووە.

خزمەتگوزاری چاودێری کەشوهەوای “کۆپەرنیکۆس” لە ئەوروپا بە “ئاژانس فرانس پرێس”ی راگەیاندووە، داتاکانی دەریخستووە کە هەفتەی رابردوو پێدەچێت گەرمترین بێت لەو کاتەوەی تۆمارکردنی پلەی گەرما لە ساڵی 1940 دەستیپێکردووە.