رووسیا و وڵاتانی کەنداو: ئێمە پشتیوانی لە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین لە پرۆسەی ئاشتی نێوان لایەنە سوریاییەکان

دیمەشق – نۆرس پرێس

رووسیا و وڵاتانی کەنداو جەختیان لە پاراستنی “سەروەری و یەکگرتوویی سوریا” کردەوە، پاڵپشتی خۆیان بۆ هەوڵەکانی گیێر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەو وڵاتە کردەوە کە 12 ساڵە لە شەردایە، بۆ پرۆسەی ئاشتی نێوان لایەنە ناکۆکەکان.

ئەمەش لە کۆتایی کارەکانی شەشەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزاری دیالۆگی ستراتیژی نێوان وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو و رووسیا هات کە دوێنێ لە مۆسکۆی پایتەخت بەرێوەچوو.

جگە لە تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، لە کۆبوونەوەکەی رووسیا و کەنداودا، لە نێو پێشبرکێیەکی نێودەوڵەتی بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەتایبەت لە ئاستی ئابووریدا، باس لە پاکێجێک لە دۆسییەکان کرا، لەنێویاندا سوریا.

رووسیا و وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی کۆمیسیۆنی جیهانی جەختیان لە گرنگی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا، سەربەخۆیی و سەروەری سوریا کردەوە.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کەنداو، داوای هەوڵی زیاتریان کرد بۆ “پشتیوانیکردنی نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان لە پرۆسەی ئاشتی نێوان لایەنە سوریاییەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی قەیرانەکە”.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هاتووە کە وەزیرەکان پشتیوانی خۆیان بۆ “هەوڵەکانی گێیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا” دەربریووە.

وەزیرەکان پێشوازییان لە گەڕانەوەی دیمەشق بۆ ئەندامێتی لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کرد و لە هەمان کاتدا جەختیان لەوە کردەوە کە “پێویستە دیمەشق دەستپێشخەری بکات و دەست بکات بە گرتنەبەری هەموو هەنگاوە پێویستەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمەلایەنە بۆ قەیرانەکە”.

لە دیدارەکە تیشک خرایە سەر بارودۆخی پەنابەران و ئاوارەکانی سوریا و هەوڵەکان بۆ گەرانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.