دەیان حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە قامیشلۆ تۆمارکراوە
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
بەرێوەبەری نەخۆشخانەیەکی شاری رۆژئاوای کوردستان، ئەمرۆ سێشەممە، 11ی تەمموزی 2023، رایگەیاند، لەدوای بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەماوەی دوو هەفتەی رابردوو، نزیکەی 50 حاڵەتی نەخۆشیان لە نەخۆشخانەکەدا پێگەیشتووە.
فورات موقەدەسی، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی ئەلسەلام لە قامیشلۆ، بە نۆرس پرێس راگەیاند، دەیان حاڵەتی نەخۆشیان پێگەیشتووە، وەک ژەهراویبوون و هەوکردنی توندی ریخۆڵە.
ناوچەی جەزیرەش بە گشتی رووبەڕووی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووەتەوە و بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی لەماوەی هەفتەی داهاتوو پلەکان لە 45 پلەوە بۆ 50 پلە بەرزدەبنەوە.
موقەدەسی ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەی حاڵەتەکان بۆ منداڵانی خوار تەمەنی 10 ساڵن، بەو پێیەی زیاتر تووشی نەخۆشی دەبن، ئەمە جگە لەوەی بەرگری جەستەیان لاوازە.
دوای پشکنین و دەستنیشانکردن لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕ، ئەم حاڵەتانە بە سیرۆم چارەسەر دەکرێن بۆ جێگرتنەوەی شلەی جەستەی و دژە زیندەیی بۆ نەهێشتنی بەکتریای ریخۆڵە.
بەرێوەبەری نەخۆشخانەی ئەلسەلام هۆشداریشیدا کە پێویستە دانیشتوان و بەتایبەت منداڵان بەدوور بن لە بەرکەوتن لە تیشکی خۆر.
بەگوێرەی گوتەی موقەدەسی؛ نەبوونی ئاو و پچڕانی بەردەوامی کارەباش بەشدارن لە زیادبوونی ئەو حاڵەتانە.
حەسەکە و گوندەوارەکانی ماوەی چەند مانگێکە شایەتی پچرانی تەواوەتی ئاو بوون، و بە شێوەیەکی پچرپچر بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە، دوای کۆنترۆڵکردنی وێستگەی ئاوی عەلووک لە سەرێ کانی لەلایەن تورکیاوە، و کۆنترۆڵکردنی ئاوەکەی.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، بەرێوبەرایەتی خۆسەر، حەسەکەی بە “ناوچەی کارەساتبار” ناساند بەهۆی بڕینی ئاوی وێستگەی ئاوی عەلووک بە هاوبەشی رووسیا و حکومەت تورکیا.
هاوکات بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو لە پارێزگای حەسەکەی روژئاوای کوردستان، دانیشتوانی ناوچەکە ئاوی پاکیان دەستناکەوێت، بەوهۆیەوە رۆژانە 80 تاوەکو 100 کەس دەبردرێنە نەخۆشخانە.