شاندێکی فەڕەنسی سەردانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوبەری خۆسەری کرد

هەولێر – نۆرس پرێس

پێگەی فەرمی خۆسەری بڵاویکردەوە، کە دوێنێ دووشەممە، شاندێکی فەرەنسی سەردانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستانیان کردووە.

بەگوێرەی بڵاوکراوەکە، شاندەکە پێکهاتبوون لە پاتریس فرانسیسکی (نوسەری فەرەنسی و شارەزای کاروباری کورد و نێودەوڵەتی)، فرانسوا هێنری دیسێرابڵ (نوسەری فەرەنسی)، زەینەب غەزوری (نووسەر و چالاکی مافی مرۆڤ).

لە راگەێنراوەکەدا هاتووە، “لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا و هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی سەختی و ئاستەنگەکانی بەردەم بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان لە ناوچەکەدا بە گشتی کردووە”.

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو،” باس لەو دەستپێشخەرییەش کراوە کە لەم دواییانەدا لەلایەن بەڕێوبەری خۆسەرییەوە خرایەڕوو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و ئەو کاردانەوە ئەرێنییانەی کە بەدەستی هێناوە”.

ئاژانسی فەرمی بەڕێوبەری خۆسەری راشیگەیاندووە، “لە کۆتاییدا شاندەکە پاڵپشتیی خۆی بۆ بەڕێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە، لە پرۆژە دیموکراسیەکەیدا کە ئامانجی پێکەوە ژیانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا، ئەمە جگە لە بەردەوامی پشتیوانیکردن لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا”.