تورکیا زنجیرەچیای مەتین و گارە لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، فڕۆکەجەنگییەکانی تورکیا بەچریی بۆردوومانیان بۆ سەر زنجیرەچیای گارە و مەتین لە دەڤەری ئامێدی، سەر بە پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستانی عێراق، دەستپێکرد.
بەگوتەی ئاژانسە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، تورکیا سێ پێگەی لە دەڤەری گارە و پێگەیەکی دیکەی لە زنجیرە چیای مەتین بۆردوومانکردووە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە کە بۆردوومانەکان لە سنووری گوندی گرگاش و سپیندارێ و ناوچەی زێبار لە زنجیرە چیای گارە و لووتکەی چیای مەتین لە نزیک گوندی بەلاڤە بەردەوام بووە.
ئەم بۆردوومانە بەردەوامانەی تورکیا جگە لەوەی کە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە، ترس و دڵەڕاوکێشی لای خەڵکی سنوورەکە دروستکردووە.
بە گوتەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، تا ئێستا قەبارەی زیانەکان نازانرێت، گەشتن بە ناوچەی بۆردوومانەکان ئاسان نییە.
نزیکەی مانگێكە تورکیا بۆردوومانەکانی لە سنووری قەزای ئامێدی و ئاکرێ چڕکردووەتەوە و بەنزیکەیی رۆژانە زنجیرە چیای مەتین و گارە لە ئامێدی و دەڤەری زێباری سەر بە پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆردووماندەکرێن.