هەولێر – نۆرس پرێس
لە کاتێکدا کە راپۆرتە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر لە ملیارێک کەس لە جیهاندا تووشی نەخۆشی شەکرە دەبن، شارەزایانی تەندروستی جیهانی پێیان وایە کە نایەکسانی لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە رەنگە رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاتر بکات.
بەگوێرەی گۆڤاری پزیشکی “زە لانسێت”، پێشکەشکردنی چاودێری پزیشکی بۆ نەخۆشانی نەخۆشی شەکرە شایەتحاڵی گۆرانکارییەکی روونە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە لە جیهاندا.
نەخۆشی شەکرە کە تا ساڵی 2050 زیاتر لە سەدا 13ی دانیشتوانی جیهان تووشدەکات، بەپێی خەمڵاندنە جیهانییەکان، بارگرانییەکی گەورە بۆ سیستەمی چاودێری تەندروستی و دارایی لە وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان زیاد دەکات، ئەمەش بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی کە لێیەوە دروستدەبێت.
لە راپۆرتی گۆڤارەکەدا هاتووە، زیادبوونی خێرای ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشییەکە لە هەموو گروپە تەمەنییەکانەوە لە جیهاندا زەنگی ئاگادارکردنەوە بەرز دەکاتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی تایبەتمەندی “رەگەزپەرستی دیمۆگرافی”، وەک ئەوەی گۆڤارەکە باسی دەکات لە دابینکردنی چاودێری تەندروستی و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە .
بە گوتەی شارەزایان، نایەکسانی جوگرافی و رێژەی بەرزی تووشبوون لە نێوان کەمینە نەتەوەییەکانی وڵاتانی دەوڵەمەند، ئەم قەیرانە جیهانییەی نەخۆشییەکە خێراتر دەکات.
تیمی توێژەرانی کۆلێژی پزیشکی ئەلبێرت ئەنیشتاین لە نیویۆرک رایانگەیاند، ئەو کەسانەی سەر بە وڵاتە هەژارنشینەکانن، کەمتر دەستیان بە دەرمانی سەرەتایی و چارەسەری نوێ بۆ نەخۆشی شەکرە دەگات، هەروەها زیاتر بەدەست ئاڵۆزییەکانەوە دەناڵێنن، کە بریتین لە خراپی کوالیتی ژیان و مەترسی مردنی زوو.
توێژەران هۆکاری زۆری ژمارەی تووشبووان دەگەرێننەوە بۆ هۆکارە مەترسیدارە باوەکانی وەک بەدخۆراکی و کەمی چالاکیی جەستەیی و جگەرەکێشان، ئەمە جگە لەوەی کەمتەرخەم لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە.
هەرچەندە زۆربەی زیادبوونە جیهانییەکان لە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەوەیە، بەڵام شارەزایان پێیان وایە کە ئەم نەخۆشییە هێشتا تاکە نەخۆشییە کە بەهۆی هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە تووشی بووە، لەگەڵ لاوازی توانای مامەڵەکردن و کۆنترۆڵکردنی لە هەندێک وڵاتی جیهاندا.