سەرۆککۆماری تورکیا مەرجی نوێی بۆ بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ ئاشکراکرد

هەولێر – نۆرس پرێس

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەمرۆ دووشەممە رایگەیاند، پشتگیری لە ئەندامێتی سوید لە رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەکات و مەرجی نوێی خستە بەردەم ناتۆ بۆ ئەندامبوونی سوید و داوایکرد لە بەرامبەر ئەندامێتی سوێد لە ناتۆ، تورکیا بکەنە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا.

ئەمرۆ ئەردۆغان بە شێوەیەکی سەرسورهێنەر، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبووڵ رێکخست و رایگەیاند، پرسی سەرەکیی لووتکەکە دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئۆکراینا-رووسیا و ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ دەبێت. 

ناوبراو لە لێدوانەکانیدا پێش رۆشتنی بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی ناتۆ لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا گوتی: “لێرەوە بانگهێشتی ئەو وڵاتانە دەکەم کە وایکرد تورکیا نزیکەی 50 ساڵ لە بەر دەرگای یەکێتیی ئەوروپادا چاوەڕێی ئەندامبوونی بکات.”

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “سەرەتا وەرن و رێگا بۆ تورکیا بکەنەوە بۆ یەکێتی ئەوروپا، دواتر رێگا بۆ سوید دەکەینەوە، وەک چۆن لەگەڵ فینلاند کردمان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی لوتکەکەدا ئەم بانگەوازە دووبارە دەکاتەوە.

ساڵانێکە هەوڵەکانی تورکیا بۆ پەیوەستبوون بە یەکێتیی ئەورووپا وەستاون، دوای ئەوەی لە ساڵی 2006 دانوستانەکانی بۆ بەدەستهێنانی ئەندامێتی لەو یەکێتییە دەستپێکرد، ئەو کاتەی ئەردۆغان سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو.

پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا چەند ساڵێک لەمەوبەر گرژی و ئاڵۆزی هەبوو، بەتایبەتی دوای هەوڵێکی کودەتا شکستخواردوو لە تورکیا لە ساڵی 2016، بەڵام لەو کاتەوە پەیوەندییەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێشچوون.

یەکێتی ئەوروپا پشت بە هاوکاری تورکیا دەبەستێت کە ئەندامی ناتۆیە، بەتایبەتی لەبارەی دۆسیەی کۆچبەران.

لە ئایاری ساڵی رابردوودا، فینلاند و سوید بەیەکەوە داواکارییان پێشکەش بە ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە هاوپەیمانێتییە سەربازییەکە، بەڵام هەردوو وڵات لەلایەن تورکیاوە رێگرییان لێکرا.

لە کاتێکدا فینلاند لە مانگی نیساندا رەزامەندی بۆ بەشداریکردن لە هاوپەیمانییەکە بەدەستهێنا، بەڵام تاوەکو ئێستا داواکارییەکەی سوید لەلایەن تورکیا و هەنگاریا رەتکراوەتەوە.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، “وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە خەمی سویددان و هەموو رێگەیەک دەگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە ببێتە نوێترین ئەندامی ناتۆ، بەڵام کەسیان ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا بە رەوا نابینن؛ بۆیە لەمەودوا ئێمەش لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵە دەکەین و دەڵێین تورکیا بکەنە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا و سوید دەکەینە ئەندامی ناتۆ.”

جێگەی سەرنجە کە هاوپەیمانی ناتۆ لە 31 وڵاتی ئەندام پێکدێت، بەگوێرەی بڕگەی 5ی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949واژۆ کراوە؛ هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرش بۆسەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکان وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.