مالیکی داواکەی سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە رەتدەکاتەوە

هەولێر- نۆرس پرێس

دوێنێ، دووشەممە، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای عێراقی، نوری مالیکی، رەتیکردەوە کە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدات پێش دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، بەم شێوەیەش ئاڵنگاریەکانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر، بەردەوامیان دەبێت.

وتەکانی مالیکی پێچەوانەی خواستەکانی نەیارەکەی بوو، کە موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدرە، لە ماوەی پێشودا لایەنگرانی هاندەدا بۆ مانەوە و مانگرتن لەناو پەرلەمان و ئەمەشی بە “شۆڕش” ناوزەد کرد و داوای گۆڕانکاری دەکرد لە سیستەمی ڕامیاری عێراقدا.

مالیکی لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا بە بۆنەی عاشوراوە رایگەیاند، “عێراق وڵاتێ پێکهاتەکانە و گەلەکەی لە پێکهاتەی جیاواز پێکهاتووە، و ناتوانرێت هیچ خواستێک جگە لە خواستی گەلەکەی بەسەریدا بسەپێندرێت و تەنها لەڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، کە لە پەرلەمانێکی هەڵبژێردراودا خۆی دەنوێنێت.”

مالیکی جەختی لەسەر هەڵوێستی خۆی کردەوە و وتی:” هیچ هەڵوەشانەوەیەک بۆ پەرلەمان و گۆڕینی دەسەڵات و هەڵبژاردنی پێشوەختە ناکرێت، تەنها بە گەڕانەوەی پەرلەمان نەبێت بۆ دانیشتنەکانی”

رەوتی سەدری دانیشتنەوەی پەرلەمان رەتدەکاتەوە و ئەوە بە رزگارکەری “گەندەڵکاران” دەزانێت، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لایەنگرانی هەڵیانکوتایە سەر بینای پەرلەمان، بۆ هەفتەی دووەمیش بەردەوام دەبن لە مانەوەیان لە پەرلەماندا.

ئێستا عێراق بەدەست بۆشایی دەستورییەوە دەناڵێنێت لە ژێر سێبەری دەسەڵاتێکی کاربەڕێکەردا ، دوای تێپەڕینی 303 ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختدا کە لە 10ی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا ئەنجامدرا، بەبێ ئەوەی پێکهێنانی حکومەتی لێبکەوێتەوە.

موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدری، پابەندە بە داواکەی  بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەو وڵاتە، هەروەک سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ لایه‌نگرانی به‌رده‌وام ده‌بن له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان تا ئه‌و كاته‌ی داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كرێن.

بەڵام دوای ئەو وەڵامەی ئێوارەی دوێنێ لە مالیکی وەریگرت، پرسیارەکان سەبارەت بە چارەنووسی ئەو وڵاتە سەرهەڵدەدەنەوە، کە نزیک بوو لە پێکهێنانی کۆدەنگیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ، بەپێی ئەو پێشوازییەی کە ژمارەیەک سەرکردەی عێراقی بۆ بانگهێشتنامەکەی سەرد کردیان.