هەولێر- نۆرس پرێس
حكومەتی توركیا بەڕێژەی جیاجیا باجی لەسەر قەرز و بیمەی بانكەكان و خزمەتگوزاریەكان و كاڵا و شتومەكی پێداویستی سەرەكی رۆژانەی هاوڵاتیان زیاد كردوە.
ڕۆژنامەی فەرمیی توركیا بڵاویكردەوە، حکومەتی تورکیا باجی لەسەر كەلوپەل و خزمەتگوزارییەكان لە 18% بۆ 20% زیادکردووە، هەروەها باجی سەر كەلوپەلی سەرەكی وەک پاككەرەوە لە 8% بۆ 10% بەرزکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا چەند بڕیارێكی لەوبارەیەوە واژۆكردوە، لەوانە زیادكردنی باجی بیمە و مامەڵە بانكییەكان كە قەرزی كەسی دەگرێتەوە بۆ 15% ئەو بڕیارانەش کە دەرچون دەستبەجێ خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
یەكێك لە بڕیارەكان دەریخستوە كە نرخی ناو تۆماركردن بۆ ئەو مۆبایلانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە هێنراون بە ڕێژەی 228% زیادیكردوە و گەیشتوەتە 20 هەزار لیرە، دوای ئەوەی لەماوەی پێشودا تەنها شەش هەزار و 91 لیرە بووە.
ئەم بڕیارانە دوای ئەوە هات كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر پڕۆژە یاسایەك لە پەرلەمانی توركیا پێشكەشكرا كە ئامانجی بەرزكردنەوەی باجی كۆمپانیاكان بۆ 25% بە مەبەستی دابینكردنی دارایی پێداویستییەكانی پەیوەست بە چاكبونەوە لە كاریگەرییەكانی ئەو بومەلەرزە وێرانكەرەی كە چەند پارێزگایەكی باشوری توركیای گرتەوە.