کەشتییەکی زۆر گەورەی گەشتیاری  دروست دەکرێت

هەولێر- نۆرس پرێس

کەشتییەکی زۆر گەورەی گەشتیاری  دروست دەکرێت کە لە شێوەی پارکێکی گەورەیە و هەموو خزمەتگوزارییەکی بۆ دابین کراوە.

کەشتییەکە لە لایەن فینلەندا بەرهەم هاتووە و  لە سەرەتای ساڵی 2024 وە دەست بە چالاکییەکانی دەکات و پێشوازی لە گەشتیاران و میوانان دەکات.

کۆمپانیای رۆیال کاریبیانی کەشتییەکەی بە ئایکۆنی دەریاکان ناساندووە و ئاماژەی بەوەدا لە نێو کەشتییەکەدا حەوت مەلەوانگە هەن کە بە شێوازێکی زۆر سەردەمیانە و سەرنجڕاکێش دروست کراون.

کۆمپانیای مێیەر توتکۆ کە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بواری گەشتیاریە لە ئەوروپا و فینلەند، کەشتییەکەی لە تورکوی فینلەند بنیات ناوە و دەست بە تاقیکردنەوەی کەشتییەکە و گەشتی دەریایی کراوە بەڵام تا 2024 هیچ گەشتیارێک وەرناگرێت.

ئەم کەشتییە دەبێتە گەورەترین کەشتیی گەشتیاری جیهان کە لە مێژوودا دروست کرابێت و هەر لە ئێستاوە رێکلامی بازرگانی بۆ فرۆشتنی تیکت دەستی پێ کردووە.

کێشی ئەم کەشتییە سەرووی 250 هەزار تۆنە و  365 مەتر درێژە و توانای هەڵگرتنی زیاتر لە حەوت هەزار کەسی هەیە و بە خێرایی 41 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا دەتوانێت بڕوات.