بەیان سامی: هەولێر بووە یەکەمین شاری دەستەخوشکی شاری ناشڤیڵی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هەولێر-نۆرس پرێس

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا رایگەیاند، شەوی ڕابردوو بە فەرمی ئەنجومەنی شاری ئەمریکا ناشڤیل بە کۆی دەنگ بڕیارێکی دەرکرد بۆ ئەوەی هەولێر بکرێتە دەیەمین شاری دەستەخوشکی خۆی.

بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی نوسیویەتی، شەوی ڕابردوو ئەنجومەنی شاری ئەمریکا ناشڤیل بە کۆی دەنگ بڕیارێکی دەرکرد بۆ ئەوەی هەولێر بکرێتە دەیەمین شاری دەستەخوشکی خۆی، بەوەش هەولێر بووە یەکەمین شاری دەستەخوشکی شاری ناشڤیڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەروەها نوێنەری حکومەتی هەرێم  لە ئەمریکا گۆتی، پیرۆزبایی لە شاری میوزیک و پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەم بە بۆنەی ئەو هاوبەشبوونە کە موژدەی ئاڵۆگۆڕی کلتوری، پیشەگەری و جەماوەری دەدات.

ماوەی ساڵێکە بەرپرسانی پارێزگای هەولێر لە هەوڵدان بۆ ئەوەی شارەکە بکەنە دەستەخوشکی ناشڤیڵ، بەپێی وتەی نوێنەری هەرێم لە ویلایەتە یەکگرتوەکان لە ئێستادا بڕیارەکە لەوبارەیەوە پەسەندکراوە.