تەرمی هەشت هاوڵاتی سوری گەیشتنە کۆبانێ
کۆبانێ – نۆرس پرێس
ڕۆژی هەینی، دوای زیاتر لە مانگێک، تەرمی هەشت هاوڵاتی سوری کە بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەرانەوە لە کەناراوەکانی جەزائیر گیانیان لەدەستدا، گەیشتنە زێدی خۆیان لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان.
ئەمڕۆ ئامبولانسەکانی مانگی سووری کوردی، تەرمی 11 هاوڵاتی سورییان، لە نەخۆشخانەی تەبقە بۆ شارەکانی کۆبانێ و قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان گواستەوە. ئەو هاوڵاتیانە لە چواری حوزەیران لە کەناراوەکانی جەزائیر خنکاون.
پەیامنێری نۆرس پرێس ڕایگەیاند، هەشت تەرم گەیشتوونەتە شاری کۆبانێ، دانیشتوان و کەسوکاری قوربانیان لە مەفرەقی شارۆکەی سەرین ب بە دووری 50 کیلۆمەتر لە باشووری کۆبانێوە پێشوازییان لەو تەرمانە کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، سێ کەسیان گەیشتوونەتە گوندی تەل غەزەل لە باشوری کۆبانێ، هەروەها تەرمی سێ کەسی دیکەش لە بنەماڵەیەک گەیشتوونەتە گوندی قەرە مەزرا لە باشوری کۆبانێ و دوو تەرمیش گەیشتنە ناوەندی شاری کۆبانێ و دواتر لە گوند و شارەکانی خۆیان بە خاک سپێردران.
وەزارەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەرێوبەرایەتی خۆسەری، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کۆتایی بە هاتنی ڕێکخستنەکانی گواستنەوەی تەرمی قوربانیانی سوریای ڕاگەیاند، دوێنێش پێنجشەممە، خاچی سوری لوبنانی تەرمەکانی لە فڕۆکەخانەی بەیروتەوە بۆ سنوری سوریا گواستەوە، بۆ ئەوەی مانگی سووری سوریا پێشوازییان لێ بکات.