نێردەی دانیمارک لە سوریا: تورکیا دۆسیەی ئاو بۆ فشارخستنە سەر بەڕێوبەری خۆسەری بەکاردەهێنێت
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێردەی تایبەتی دانیمارک لە سوریا رایگەیاند، تورکیا دۆسیەی ئاو وەک کارتی فشار دژ بە بەڕێوبەری خۆسەری بەکاردەهێنێت.
نیکۆلاس هاریس لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نۆرس پرێس گوتی، “تورکیا دەیەوێت زۆرترین فشار بەکاربهێنێت و پاڵپشتی لە دانیشتوانی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا لاواز بکات”.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی بەڕێوبەرێتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، لە راگەینراوێکدا، شاری حەسەکە و گوندەکانی دەوروبەری و کامپەکانی ئاوارەکانی بە “ناوچەیەکی کارەساتبار” ناساند، کە تورکیا “بە هاوبەشی لەگەڵ رووسیا و رژێمی سوریا” ئاوی لێ بڕیوە.
هاریس پێی وایە “تورکیا دەیەوێت خۆسەری ناچار بکات کە بە داواکارییەکانی رازی بێت، ئەوەش روونی دەکاتەوە کە تورکەکان پێیان وایە سنووردارکردنی رۆیشتنی ئاو لە وڵاتەکەیانەوە بۆ سوریا دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەڕێوبەری خۆسەر”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەمە ئەمریکییەکان ناچار دەکات هەنگاو بەرامبەر تورکیا بگرنەبەر.