مەزڵوم عەبدی داوای کاراکردنەوەی گفتوگۆی نێوان پارتەکوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، داوای کرد گفتوگۆی نێوان لایەنەسیاسییە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان، کارا بکرێتەوە.
سێ ساڵ لەمەوبەر پارتە کوردییەکانی رۆژئاڤا بە دەستپێشخەریی “هەسەدە” و نێوەندگیریی ئەمریکا، بە مەبەستی یەکخستنی گوتاری سیاسی خۆیان دەستیان بە دیالۆگ کرد، بەڵام دوای چەند مانگێک دوای راگەیاندنی لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی، بەهۆی ناکۆکی ئیدارییەکانەوە گفتوگۆکان وەستێنران.
گوتەکانی عەبدی لە میانی گوتارێکدا بوو کە لە کۆڕبەندێکدا کە لەلایەن “سەنتەری رۆژئاڤا بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان” سەبارەت بە یادی سەد ساڵەی “رێککەوتنی لۆزان” رێکخرابوو، لە شاری حەسەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە پێشکەشی کرد.
رێککەوتنی لۆزان کە لە مانگی تەمووزی ساڵی 1923 لە سویسرا واژۆ کرا، مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم بێبەش کرد، بەتایبەتی دوای ئەوەی زلهێزە نێودەوڵەتییە باڵادەستەکانی ئەو سەردەمە (فەرەنسا و بەریتانیا ) پاشەکشەیان کرد لە بەڵێنەکانیان بەرامبەر بە کورد، لە رێککەوتنی سیڤەر کە سێ ساڵ پێشتر دابوویان.
مەزڵوم عەبدی لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە “رێککەوتنی لۆزان لە سەردەم و هەلومەرجی خۆیدا دژی کورد بووە، بەو پێیەی زلهێزە نێودەوڵەتییە باڵادەستەکان لەو کاتەدا رێککەوتن لەسەر ئەوەی لەو رێککەوتنەدا مافەکانی کورد وەلاوەنرێت و ئەمە دۆخەش بۆ ماوەی سەد ساڵ بەم شێوەیە بەردەوام بێت”.
عەبدی گوتیشی: “لۆزان تەنیا بە وەدەرنانی مافی کورد سنووردار نەبوو، بەڵکو بە قڕکردنی فیزیکی کورد کرایە ئامانج، وەک بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و لەسێدارەدان و هەڵمەتەکانی گرتنی سیاسی کە تا ئەمڕۆش بەردەوامن”.
فەرماندەی گشتیی “هەسەدە’ رایگەیاند، “بۆ ئەوەی لۆزان دووبارە نەبێتەوە، دەبێت دەستکەوتەکانی کورد لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا بپارێزرێت” و داوای بەستنی کۆنفرانسی کوردی کرد بەبێ هیچ مەرجێک و یەکخستنەوە گوتاری کوردی لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، چونکە “رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکارییە و دەرفەتێکی راستەقینە بەخۆوە دەبینێت بۆ کورد، تا مافەکانی بەدەستبهێنێت”.. بە گوتەی عەبدی.
ناوبراو جەختی لە سەر بانگەوازی چالاککردنی دیالۆگی نێوان لایەنە کوردییەکان لە سووریا کردەوە، و گوتی: “ئامادەین پڕۆسەی دیالۆگ و ناوبژیوانی تەواو بکەین و ئەرکی نەتەوەیی خۆمان لەوبارەیەوە جێبەجێ بکەین”.