بلینکین و بن زاید گەنگەشەی درێژکردنەوەی ماوەی ناردنی هاوکارییەمرۆییەکان بۆ سوریا دەکەن
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەگەڵ عەبدوڵڵا بن زاید، هاوتا ئیماراتییەکەی، پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش دۆخی سوریا و میکانیزمی کردنەوەی دەروازەکان بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئەو وڵاتەی کە 12 ساڵە بەدەست جەنگەوە دەناڵێنێت، تاوتوێی کرد.
گفتوگۆکانی ئەو دوو وەزیرە رۆژێک پێش دەستپێکردنی دەنگدان لەسەر درێژکردنەوەی بڕیارنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە گواستنەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دێت، بۆ باکووری رۆژئاوای سوریا.
ئەمریکا و هەروەها بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەنێودەوڵەتییەکان داوا دەکەن دەروازەکانی باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە بە کراوەیی بمێننەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کاریگەرییان لەسەر چارەنووسی ملیۆنان کەس هەیە، هەرچەندە دەروازەکانی دیکە لە بڕیارەکە دوورخرانەوە، وەک ئەلرەبیعە یعروبیە، لە نێوان سوریا و عێراق، ئەویش بە ڤیتۆی رووسیا و چین.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ بن زاید، بلینکن جەختی لەسەر پێویستی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووەتەوە کە بۆ ماوەی 12 مانگی دیکە رێگە بە هاوکارییەکانی سنووربەزێنەکان بدرێت و دەستەبەرکردنی چوونە ژوورەوەی بێ بەربەست لەو ماوەیەدا لە ڕێگەی هەر سێ خاڵی سنوورییەوە کە ئێستا بەکاردەهێنرێن.
لە وەڵامی بانگەواز و رەخنەکانی دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی کە لە سەرەتای مانگی شوباتدا ناوچەکەی گرتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی سوریا، کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی باب ئەلسەلامە و ئەلرای لەگەڵ تورکیا، بە دوو دەروازە راگەیاند، کە دەرچەی زیاترن بۆ فریاگوزاری نێودەوڵەتی، جگە لە دەروازەی باب ئەلهەوا لە ئیدلب.
ئەو دوو دیپلۆماتکارە، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد، لەوانە رووداوەکانی ئەم دواییەی کامپی پەنابەرانی جنین لە کەرتی رۆژئاوا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند ، بلینکن و بن زاید باسیان لە پرسە دوو قۆڵی و ناوچەیییەکان کردووە، لەنێویاندا “پابەندبوونی هاوبەش” به ئاشتیەوە له یەمەن. ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر