بەشی وەرزش – نۆرس پرێس
لویس ئێنریکی، راهێنەری نوێی یانەی پاریس سانجێرمان، لەبارەی چارەنووسی “کیلیان مباپێ”ی یاریزانی یانەکەیان و ئەگەری رۆیشتنی لە پاریس هاتەدوو.
ئێنریکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: “کاتێک دانوستانمان کرد و گرێبەستەکانم واژۆ کرد، من کراوە بووم بەرامبەر هەموو ئەگەرەکان، چونکە زۆر شت ئەگەری هەیە رووبدات”.
راهێنەرە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە چارەنووسی “مباپێ”، دەمەوێت بابەتەکە بە تایبەتی لە نێوان من و بەرپرسانی یانەکەدا بمێنێتەوە، ئەوە نهێنیەکی پیشەگەرانەیە.
لە درێژەی گوتەکانیدا رایگەیاند: “نهێنییەکان ئاشکرا ناکرێن، بەڵام هەوڵدەدەم و زۆر کاردەکەم بۆ ئەوەی باشترین تیم پێکبهێنم”.
گوتیشی: “پشت بە هەموو ئەو یاریزانانە دەبەستم کە گرێبەستی رەوایان هەیە، هەروەها ئەو یاریزانانەی هەوڵدەدەین لەم هاوینەدا گرێبەستیان لەگەڵ بکەین، ماوەی گواستنەوەکە قورس و ئاڵۆزە و گۆڕانکاری زۆری تێدا دەبێت”.
لە کۆتاییدا وتیشی: “گەشبینم بە پێکهێنانی تیمێکی نایاب، وردەکارییەکانی گفتوگۆکەم لەگەڵ سەرۆکی یانەکە و بەڕێوەبەری وەرزشی لە نێوان خۆماندا دەمێنێتەوە”.
یانە پاریسییەکە ئەمڕۆ چوارشەممە گرێبەستەکەی لەگەڵ لویس ئێنریکی راهێنەری ئیسپانی تا هاوینی 2025 راگەیاند.