بەغدا و تاران بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاودەنێن

هەولێر -نۆرس پرێس

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبونەوە و باسیان لە بەهێزکردن و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکانی نێوان بەغدا و تاران کرد بەرەو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات کە گرنگترینیان فایلی وزەیە.

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەمیانی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ عەلی باقری، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و شاندی یاوەری باسیان لە ئایندەی پەیوەندییە مێژوییەکانی نێوان عێراق و ئێران کرد و ئاماژەیان بە پێویستی پتەوکردنیان کرد بۆ ئەوەی بوارە جیاجیاکان بگرێتەوە و لە پێناو قازانجی هاوبەشی هەردو وڵاتی دراوسێدا.

مالیکی ئاماژەی بەوەکرد، ناوچەکە دۆخێکی سەقامگیریی هەیە و قۆناغێکی نوێ دەستیپێکردوە، بەتایبەتی لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە، کە هۆکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و کاریگەری ئەرێنی لەسەر عێراق دەبێت.

هاوکات باسی لە هەوڵەکانی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکانی نێوان ئێران و سعودیە کرد و وتی، بەغدا میوانداری چەند خولێکی دانوستانی نێوان هەردو لایەنی کرد، هەروەها بناغەیەکی تۆکمەی گفتوگۆی دامەزراند، کە بوەهۆی ڕێککەوتنێک بە هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە.

نوری مالیکی باسی لەوەشکرد، کە عێراق هەوڵدەدات سود لە هەلومەرجی ئەرێنی ناوچەکە وەربگرێت، بەتایبەتی کە ئێستا لە لێواری هەڵمەتێکدایە بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و بە تامەزرۆییەوە چاوی لە پاڵپشتی وڵاتانی دۆستە، بە ئامانجی فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری لەگەڵ هەمو لایەک، هەروەها کارکردن بۆ تەواوکردنی ئەو ڕێککەوتن و یاداشتە لێکتێگەیشتنانەی کە لە نێوان عێراق و ئێران لە بوارە جیاوازەکاندا ئەنجامدراون.

لای خۆیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی نێوان هەردو وڵات و فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاریەکانی نێوان هەردو وڵات کردەوە، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیە هاوبەشکانی دو گەلی دراوسێ بکات.