لەگەڵ بەردەوامی بۆردوومانە دوولایەنەکان.. ئیسرائیل کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکانی لە جنین هێنا
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی ئیسرائیل رایانگەیاند، شارۆچکەی جنین و کامپی پەنابەرانیان لە کەرتی رۆژئاوا بەجێهێشتووە، ئەوەش دوای دوو رۆژ دێت لە فراوانترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ماوەی نزیکەی 20 ساڵدا، هاوکات لەگەڵ ئاڵوگۆڕی هێرشی ئاسمانی و هێرشی مووشەکی دوولایەنەی سوپای ئیسرائیل و گروپە فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، دانیال حجاری رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەوە دەستیپێکرد و ئێوارەی سێشەممە کۆتایی هات، گوتیشی “ئامانجەکانمان بەدیهێنا”.
بەڵام حەماس و باڵە سەربازییەکەی کۆتایی ئەو ئۆپەراسیۆنەیان بە “سەرکەوتن بۆ ئەوان” ناوبرد.
ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس و زیاد ئەلنەخالە، ئەمینداری گشتی جیهادی ئیسلامی، ستایشی ئەو کارەیان کرد کە بە “سەرکەوتن” ناویان برد کە بە گوتەی ئەوان، “هێزەکانی مقاوەمە” و خەڵکی کامپەکانی جنین بەسەر سوپای ئیسرائیلدا بەدەستیان هێناوە.
وەزارەتی تەندروستی دەسەڵاتی فەلەستین کوژرانی 13 فەلەستینی لە میانی ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل لە شارۆچکەی جنین راگەیاندووە.
شەوی سێشەممە لە کاتی دەرچوونی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە شارۆچکەکە، سەربازێکی ئیسرائیلی کوژرا.
سوپای ئیسرائیل، شوێنی هەڵگرتنی چەک و تاقیگەی تەقەمەنی و رێگا نهێنییەکان و ژێرخانی دیکەی لە کامپی پەنابەرانی ێنین دەستنیشان کردووە و نزیکەی 300 کەسیش دەستگیر کراون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی سدیروت و کۆمەڵگاکانی دراوسێی باشووری ئیسرائیل دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە بیسترا.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، پێنج موشەک کە لەلایەن چەکدارانی غەززەوە تەقێندرابوون، لەلایەن سیستەمی بەرگری مووشەکیی “ئایرۆن دۆم”ەوە رێگرییان لێکراوە.
لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجەکانی کەناری رۆژئاوا دەستپێکردووە.