کارمەندێکی ئاگرکوژێنەوە لەئەنجامی گرژییەکانی فەرەنسا گیانی لەدەستدا

هەولێر – نۆرس پرێس

لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی شەش رۆژی رابردوو کە لە ژمارەیەک شاری فەرەنسا سەریان هەڵدا، کارمەندێکی ئاگرکوژێنەوە کوژرا و 157 کەسیش دەستگیرکران، ئەمەش وەک نارەزایەتییەک بەرامبەر بە کوشتنی گەنجێک بەناوی نایل کە لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا.

لەبەردەم شارەوانییەکانی فەرەنسا خۆپیشاندەران دەستیان بە گردبوونەوە کرد، دوای هەوڵێک بۆ بە ئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی شارەوانی نانتەر، کە نایل لەوێ کوژرا سەرەرای ئەو ئارامییە رێژەییەی کە وڵاتەکە لەرۆژی یەکشەممەوە بەخۆیەوە دەبینێت.

جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، ئاگرکوژێنەوەیەکی تەمەن 24 ساڵ لەکاتی هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرێک کە لە گەراجێکی وەستانی ئۆتۆمبێل لە پاریسی پایتەخت کەوتەوە، گیانی لەدەستدا.

دەرمانین ئاماژەی بەوەشکرد، ئێوارەی رۆژی دووشەممە ئاگرکوژێنەوەکە گیانی لەدەستداوە، سەرەرای دەستوەردانی ئەندامانی تیمی ئاگرکوژێنەوە بۆ رزگارکردنی.

جێگای سەرنجە ئێوارەی رۆژی شەممە زیاتر لە 700 کەس و ئێوارەی هەینی رابردوو زیاتر لە 1300 کەس دەستگیرکراون، بەمەش ژمارەی دەستگیرکراوان لە ماوەی 6 رۆژدا گەیشتە 3354 کەس بۆ لێپرسینەوە، کە زۆرینەیان تێکرای تەمەنیان 17 ساڵە، لە کاتێکدا راپۆرتە میدیاییەکان چاودێری دەستگیرکردنی منداڵانیان کردووە کە تەمەنیان لە نێوان 12 بۆ 13 ساڵدایە.