هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە تورکیا ئامادە نییە ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ پەسند بکات و گوتیشی، “سوێد کاری زیاتری ماوە ئەنجامی بدات.”
ئەردۆغان رایگەیاند: “دەبوو سوێد باشتر کار لەسەر ئەو ئەرکانە بکات کە پێی سپێردراوە.”
ئەردۆغان گوتی: “ئێمە بە روونی ئاماژەمان بەوە کردووە کە شەڕی دژ بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و بابەتی ئیسلامۆفۆبیا هێڵی سوورن.
گوتیشی: “هەمووکەسێک دەبێت لەوە تێبگات “دۆستایەتیی تورکیا بە پشتگیریکردنی تیرۆریستان و رێگەدان بە کاری تیرۆریستی بەدەستناهێندرێت.”
ئەردۆغان روبەڕووی سوێد گوتی: “لەجیاتی ئەوەی خۆیان بەو تاکتیکانەوە سەرقاڵبکەن کە کات بەفیڕۆبدەن، پێمان وایە کە بردنەسەری بەڵێنەکانیان دەبێتە رێگەیەکی باشتر؛ ئامۆژگاری ئەوان دەکەین بەشێوەیەکی ورد بەخۆیاندابچنەوە و ئەرکەکانی سەرشانیان بەشێوەیەکی باشتر ئەنجام بدەن.”