رووسیا: هێرشی درۆنە ئۆکرانییەکانمان بەرپەرچ داوەتەوە لە مۆسکۆ

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، چەند درۆنێکی ئۆکرانی هێرشیان کردە سەر مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، بوونە هۆی پەکخستنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی ڤنوکۆڤۆ بەشێوەیەکی کاتی، لە کاتێکدا سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند هێرشەکە بەرپەرچ دراوەتەوە.

ماریا زاخارۆڤا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ئۆکرانیا هەوڵیداوە ژێرخانی مەدەنی فڕۆکەخانەکە بکاتەئامانج، ئەمەش وەک خۆی دەڵێت “کردەوەیەکی تیرۆریستی” بووە.

دەزگای چاودێری فڕۆکەوانی رووسیا رایگەیاند، فڕۆکەخانەی ڤنۆکۆڤۆی مۆسکۆ دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت گەشتەکانی راگیربوون.

سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند، ئۆکرانیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان “درۆن” هێرشی کردە سەر پایتەختی رووسیا و ناوچەکانی دەورووبەری.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە لەلایەن هێزەکانی بەرگری ئاسمانی رووسیا بەرپەرچدرایەوە، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی لێبکەوێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی رووسی “تاس” بە پشتبەستن بە خزمەتگوزارییە فریاگوزاریەکان بڵاویکردەوە، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی سەرووی ناوچەی “مۆسکۆ” و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی “کالوگا”ی دراوسێ رێگرییان لێکراوە.

تاس لە زاری سەرچاوەیەکی خزمەتگوزارییەوە رایگەیاندووە، “بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کاتە جیاوازەکاندا بەرەو مۆسکۆ دەڕۆیشتن”.

ئاژانسی راگەیاندنی رووسیا رایگەیاندووە، ئەو دوو فرۆکە بێفڕۆکەوانە لە نزیک گوندی “ڤالویڤۆ” خراوەتە خوارەوە، کە گوندەکە نزیکەی 30 کم لە باشووری رۆژئاوای کرێملینەوە هەڵکەوتووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر