وەزیری دەرەوەی ئێران، کارەکانی باڵیۆزی نوێی وڵاتەکەی لە ستۆکهۆڵم راگرت

هەولێر – نۆرس پرێس

وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند بەهۆی سوتاندنی قورئانەوە لە سوید، کارەکانی باڵیۆزی نوێی وڵاتەکەی لە ستۆکهۆڵم راگرتووە.

ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەرەی فەرەمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە: “هەرچەندە پرۆسەی دانانی حوجەتوڵڵا فغانی باڵیۆزی نوێ لە سوید تەواو بووە، بەڵام پرۆسەی ناردنی باڵیۆزی ئێرانیان راگرتووە”.

راشیگەیاندوە، هۆکاری راگرتنی باڵیۆزەکەیان لە سوید، بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە حکومەتی سوید رێگەی بە سوکایەتی و بێرێزیکردن بە قورئانی پیرۆز دەدات.

لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، هاووڵاتییەکی عێراقی دانیشتوی سوید بە ناوی سەلوان مۆمیکا، قورئان سوتاند و ئەوەش کاردانەوەی جیهانیی لێکەوتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، حکومەتی سوید ئیدانەی سووتاندنی قورئان لەلایەن پەنابەرە عێراقییەکەی لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم کرد و رایگەیاند، ئەوە کارێکی “ئیسلامۆفۆبیا”یە، ئەمەش دوای ئەوەی رێکخراوی هاوئاهەنگی ئیسلامی داوای کرد رێکاری تووند بگیرێنەبەر تاوەکو لە داهاتوودا کەس نەتوانێت قورئان بسووتێنێت.

لەدوای رووداوەکە، هەریەک لە وڵاتانی عێراق، کوێت، ئیمارات و مەغریب، بانگهێشتی باڵیۆزی سویدیان لە وڵاتەکەیان کرد و ناڕەزایەتی خۆیان لەسەر ئەو رووداوە گەیاندە باڵیۆز.