مۆسکۆ: پێشوازیمان لە 700 هەزار منداڵی ئۆکرانی کردووە

هەولێر – نۆرس پرێس

گریگۆری کاراسین، سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییە نێودەولەتییەکانی ئەنجومەنی فیدراسیۆنی روسیا (دۆما) رۆژی دووشەممە رایگەیاند، کە مۆسکۆ 700 هەزار منداڵ لە ناوچە ئالۆزەکانی ئۆکرانیا هێناوەتە خاکی رووسیا.

گریگۆری کاراسین، لە کەناڵی تێلێگرامی خۆی رایگەیاندووە، “لەم دوو ساڵی دواییدا رووسیا پێشوازی لە 700 هەزار منداڵی ئۆکرانی کرد، کە بەهۆی شەڕی وڵاتەکەیان هەڵاتوون و روویان لە خاکی رووسیا کردووە.

مۆسکۆ دەڵێت، بەرنامەی هێنانی منداڵانی ئۆکرانیا بۆ رووسیا بۆ پاراستنی منداڵانی بێ باوک و دایک و ئەو منداڵانەی کە لە ناوچە ئالۆزەکان جێهێڵراون.

بەڵام ئۆکرانیا دەڵێت: “زۆرێک لە منداڵان بە شێوەیەکی نایاسایی لە ناوچەکانی خۆیان دەرکراون، ئەمریکاش دەڵێت هەزاران منداڵ بە زۆرەملێ لە ماڵەکانیان دوور خراونەتەوە.”

مانگی ئازاری ساڵی رابردوو، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بریارێکی “زۆر رەمزی” دەرکرد کە پێدەچێت جێبەجێکردنی قورس بێت، ئەویش دەستگیرکردنی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا و ماریا ئەلێکسیڤنا بیلۆڤا، کۆمیساری مافەکانی منداڵانی رووسیایە، هەردووکیان بە دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێی منداڵان لە ئۆکرانیا بۆ رووسیا تومەتبارکران.

ئەمریکا پێشوازی لە بریاری دادگەی نێودەوڵەتی کرد، لە بەرامبەردا رووسیا دانی بەو بریارەدا نەدا.