دوای پێنج رۆژ لە شکاندن و تاڵانکردن، فەرەنسا شەوێکی ئارامی بەرێکرد

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوای پێنج رۆژ لە توندوتیژی وئالۆزیەکان، شارەکانی فەرەنسا شەوێکی ئارامیان بە خۆیانە بینی، ئەمەش داوی کوشتنی گەنجێکی فەرەنسی بە رەچەڵەک جەزائیری لە پاریسی پایتەختی ئەو وڵاتە، هەروەها  هێزێکی ئەمنی زۆر لە نێو زۆربەی شارەکانی فەرەنسا بڵاوەپێکرابوو.

هاوکات داپیرەی ئەو گەنجەی (نائل) کە بە دەستی ئەفسەرێکی پۆلیس کوژرا، بانگەوازێکی ئاراستەی خۆپێشاندەران کرد و داوای کرد خۆپیشاندەران واز لە تێکدان و تاڵانکردن و سووتاندن بێنن.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی هەواڵی بی ئێف ئێم تیڤی دا، داپیرەی نائل گوتی:” بۆ ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر فرۆشگا و ئۆتۆمبێلەکان پێیان دەڵێم: بوەستن. با واز لە وێرانکردن و شکاندنی قوتابخانە و پاسەکان بهێنن”.

 داپیرە گەنجە کوژراوەکە تیشکی خستە سەر کردەکانی تاڵانکردن و دزی و شکاندن و سووتاندن لە شارەکانی پاریس و مارسیلیا و لیۆن و شارەکانی دیکە.

لەلایەکی دیکەوە دەستەڵادارانی فەرەنسا نزیکەی 45 هەزار پۆلیس لە نێو شارە گەورەکان جێگیرکرد.

لە هەمان چوارچێوەدا، وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاندووە، شەوی یەکشەممە تاوەکو بەیانی دووشەممە 157 کەس دەستگیرکراون.

رۆژی 27ی مانگی رابردوو لە ئەنجامی دەمەقاڵێ لەگەڵ پۆلیس، مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ، بەناوی نائل، لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە تەقەی لێکرا و کوژرا، دوای رووداوەکە ئەو پۆلیسەی کە تەقەی لە گەنجەکە کردووە، دەستگیر کرا، بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست تۆمەتبار کراوە.