ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لە جنین ئەنجامدا و لایەنە فەلەستینیەکان بەڵێنی تۆڵەکردنەوە دەدەن

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانیان لە شاری جنین و کامپی پەنابەران لە کەرتی رۆژئاوا ئەنجامدا، لانیکەم 3 فەلەستینی کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون.

ئۆپراسیۆنی سەربازی بەرفراوان لە جنین بە هێرشی ئاسمانی دەستی پێکرد کە چەندین پێگە و شوێنی جیاوازیان کردە ئامانج.

دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل دەنگی تەقینەوەیەکی زۆر لە ناوەوە و دەوروبەری کامپی جنین بیسترا.

ئیسرائیل رایگەیاندووە، کەوا هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەیەک کە لەلایەن “شانە چەکدارەکانەوە” لە جنین بەکاردەهێنرێت، وەک ناوەندێکی فەرماندەیی و شوێنێک بۆ پلاندانان بۆ هێرش و کردەوەی دیکە.

لە دوای ئەو هەڵمەتە سەربازییە، لایەنە فەلەستینییەکان بەڵێنیاندا کە “دەستدرێژییەکە پووچەڵ بکەنەوە” و بەرامبەری بوەستنەوە.

ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، “ئەو خوێنەی لەسەر خاکی جنین دەڕژێت، سروشتی قۆناغی داهاتوو بە هەموو ئاراستە و رێگایەکەوە دیاری دەکات”.

لای خۆیەوە بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی رایگەیاندووە، چەکدارانیان “بەڵێنیانداوە بۆ رووبەڕووبوونەوە و شەڕکردن”، ئیسرائیلیان بەبەرپرسیاری یەکەم زانی لە هەموو دەرئەنجامەکانی ئەم “دەستدرێژییە” و “هەموو بژاردەکان کراوەن بۆ لێدانیان”.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی ئۆپەراسیۆنەکە ئەوەندەی پێویستە بۆ تەواوکردنی ئەرکەکە “بە ئامانجی پووچەڵکردنەوەی تواناکانی ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی”.

ئاماژەی بەوەشکرد، جنین لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا سەرچاوەی نزیکەی 50 ئۆپەراسیۆن بووە دژی ئیسرائیلییەکان.

بەپێی راگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆن لە باکووری کەناری رۆژئاوا بەپێی پێوەرەکانی “ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری و چۆنایەتی” ئەنجام دەدرێت.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی حکومی جنین گوتی کە “لە ساڵی 2002ەوە ئەم ژمارە زۆرەی برینداری سەختمان بۆ نەهاتووە” (مەبەست لە دواین ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی ئیسرائیلە لە جنین).

وەزارەتی تەندروستی فەلەستین رایگەیاند کە ئەنجامی ئۆپراسیۆنی جنین تا ئێستا گەیشتووەتە 3 کوژراو و 27 بریندار کە 7یان باری تەندروستییان سەختە.

دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی، هۆشدارییاندا بە گروپە فەلەستینییەکانی غەززە لە وڵامدانەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی جنین.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر