لەگەڵ بوونی دەنگۆی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی.. هێزەکانی حکومەت پشتیوانی زیاتر دەنێرن بۆ دەرعا

دەرعا – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی حکومەت هێزی سەربازییان ڕەوانەی گوندەواری رۆژئاوای پارێزگای دەرعا کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەنگۆی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەکە لەئارادایە.

سەرچاوەیەکی خۆجێیی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، حکومەتی سوریا هێز سەربازیی ناردووە بۆ ناوچەکە، لەنێویاندا ئۆتۆمبێلی سەربازی قورس هەیە، کە لە باڵەخانەی “مەعسەرەت ئەبو نەعیم” جێگیرکراون، بەنیازن  بارەگایەکی سەربازی دروست بکەن، لە نزیک شارۆچکەی “تەفاس” لە گوندەواری رۆژئاوای دەرعا.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆتۆمبێلە سەربازییە قورسەکان دەیان چەکداریان لەگەڵدا بوون، بەو پێیەی زۆرترین ژمارەیان بەسەر خاڵە سەربازییەکاندا دابەشکراون کە لەنێوان شارۆچکەکانی “تەفاس” و “ئەلیادودە” لە رۆژئاوای دەرعا جێگیرکراون.

ئاماژەیان بۆ ئەوەش کرد، دامەزراندنی هێزی تۆکمە لە ناوچەکە، هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە بۆ سەر چەند شارۆچکەیەکی ناوچەکە، بە بیانووی بوونی ئەو ئەندامانەی کە کار بۆ دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەکەن .

لای خۆیانەوە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، دەنگۆی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە هەمان کاتی هەموو ساڵێکدا لە ناوچەکە، هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی کشتوکاڵ، بەو پێیەی ناوچەکە دەوڵەمەندە بە چەند وەرزێکی کشتوکاڵی، بە گوتەی ئەوان ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنانە “ترساندنی جووتیارانە بۆئەوەی بڕە پارەیەک بەدەستبهێنن لە بەرامبەر وەستاندنی هەڵمەتەکە و پاراستنی بەرهەمەکانیان”.

ئامادەکردنی: موئەیەد ئەلشەقار – داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی