هەولێر – نۆرس پرێس
دەرمانێک بۆ رووتانەوەی قژ لە تووشبووانی نەخۆشیی ”دەردەڕێوەی” پەسەندکرا کە توانای هەیە مووە هەڵوەریوەکان بهێنێتەوە.
دامەزراوەی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا دەرمانەکەی پەسەندکردووە، ناوی دەرمانە نوێیەکە Litfuloیە وەکو دەرمانێکی کاریگەر بۆ هاتنەوەی مووە هەڵوەریوەکانی تووشبووانی نەخۆشیی ”دەردەڕێوەی” بۆ کەسانی سەروو 12 ساڵ بەکاردەهێندرێت.
ئەم دەرمانەی رێژەی کاریگەرییەکەی 80٪ و کاردەکاتە سەر بەهێزکردنی مووە وەریوەکان و لەگەڵ ئەوەشدا دامەزراوەکە پێشنیاری 50 میلیگرامی کردووە لە رۆژێکدا.
بەگوێرەی پزیشکانی پسپۆڕ ئەم دەرمانە نوێیە،کەمترین کاریگەریی نەرێنی و زۆرترین ئەنجامی باشی دەبێت لەسەر کەسی چارەخواز.
کۆمپانیای فایزەریش رایگەیاندووە، لە چەند هەفتەی داهاتوو دەرمانەکە بەردەستدەبێت.
بەگوێرەی ئاماری سەنتەری کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئەمریکا، ساڵانە 300 هەزار کەس تووشی رووتانەوەی سەر بەهۆی نەخۆشیی دەردەڕێوی دەبن.
نەخۆشییەكە بریتییە لە شێوانێكی سیستمی بەرگری لەش و دەبێتە هۆی هەڵوەرینی مووەكان، دوای كەوتنیش شوێنەكە بە بەتاڵی دەمینێتەوە، هەندێك جار هەڵوەرینەكە كەمە، جاری وایش هەیە زۆرە تا ئاستێكی تەواوی مووی سەر هەڵدەوەرێت و لە توندترین حاڵەتیش تەواوی مووی لەش هەڵدەوەرێت، تووشی هەر كەسێك بە جیاوازی تەمەن و رەگەز دەبێت، ئەگەرچی دەركەوتووە زۆرینەی حاڵەتەكانی بەر لە 30 ساڵی دا روودەدات.