هەولێر – نۆرس پرێس
پاش تێپەربوونی 12 رۆژ، رووسیا یەکەمین هێرشی شەوانەی بە فرۆکەی بێفرۆکەوان بۆ سەر کیێڤ دەستپێکردەوە، هاوکات هێزەکانی ئۆکرانیا خۆیان بۆ دژە هێرش لە زاپۆرۆژیا ئامادە دەکەن.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، دیمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا رایگەیاند، رەتکردنەوەی وڵاتەکەی بۆ پەیوەندیکردن بە رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بۆ ئەوروپا دەبێتە خۆکوشتن.
لەرووی مەیدانیشەوە، هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا رایگەیاند “هێرشی ئاسمانی رووسیای بۆ سەر کیێڤ بەرپەرچ داوەتەوە، کە یەکەم هێرشە لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەدا، جەختی لەوە کردەوە 8 فرۆکەی بێفرۆکەوان و 3 مووشەکی “کالیبەر”ی تەقاندووەتەوە کە بەیانی ئەمرۆ یەکشەممە لە دەریای رەشەوە هەڵدراون.
لای خۆیەوە، روسلان کراڤچێنکۆ، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی مەدەنی لە کیێڤ رایگەیاند، سوپای رووسیا لە بەیانی ئەمرۆ یەکشەممەدا بە فرۆکەی بێفرۆکەوانی “شاهید”ی ئێران هێرشی کردووەتە سەر شارەکە.