هێزەکانی تورکیا 16 هاوڵاتی عێراقی و سورییان دیپۆرتی ناوچەکانی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن کردووە

ئیدلب – نۆرس پرێس

رۆژی یەکشەممە، 2ی تەمموزی 2023، هێزەکانی تورکیا لە دووەم دیپۆرتکردنەوەی سورییەکان لەم مانگەدا، 16 کەسیان لە دەروازەی شارۆچکەی سەرێ کانی لە باکووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوایی کوردستان دیپۆرتکردەوە کە 4 کەسیان عێراقی بوون.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمرۆ یەکشەممە، هێزەکانی تورکیا لە رێگەی دەروازەی سەرێ کانییەوە، 12 هاوڵاتی سوریی و 4 عێراقی کە ژن و منداڵ لە نێویاندا هەن دیپۆرتیکردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ مەبەستی پشتراستکردنەوەی داتاکانی دیپۆرتکراوەکان، لە ناوەندێکی پۆلیسی سەربازی سەر بە گروپە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دانراون.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەروو، هاوڵاتیانی عێراقی کە لە 4 کەس پێکدێن و دووانیان ئافرەتن و خەڵکی پارێزگای ئەنبارن، لە ئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەی ئەمنیدان.

لە چەند رۆژی رابردوودا دەسەڵاتدارانی تورکیا 168 پەنابەری سوری لە رێگەی دەروازەی سەرێ کانییەوە و دەروازەی گرێ سپی لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا دیپۆرت کردووەتەوە، سەرەرای ئەوەی کارتی پەنابەری کاتی (ئیقامە)یان پێبووە.