داهاتى مانگى رابردووى فرۆشتنى نەوتی عێراق زیاتر لە 7  ملیار دۆلار بووە

هەولێر – نۆرس پرێس

وەزارەتى نەوتى عێراق داهاتى مانگى رابردووى فرۆشتنى نەوتى ئاشکراکرد، کە بڕى حەوت ملیار و 115 ملیۆن دۆلارى دەستکەوتووە.

بەگوێرەى داتاکانى وەزارەتى نەوتى عێراق، بڕى هەناردەکراوى نەوت لە ماوەى مانگى حوزەیران، 100 ملیۆن و 59 هەزار و 52 بەرمیل بووە، بەتێکراى رۆژانەى سێ ملیۆن و 335 هەزار بەرمیل.

زۆرترین بڕە نەوت لە کێڵگەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق بەرهەمهێندراوە، بەشێوەیەک بڕى 98 ملیۆن و 725 هەزار بەرمیل نەوتە، هەروەها بڕى یەک ملیۆن و 33 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەى نەوتى گەیارە بەرهەمهێندراوە.

وەزارەتى نەوتى عێراق ئاماژەى بەوەکردوە، کۆى داهاتى ئەوبڕە نەوتەى کە بەرهەمهێندراوە و فرۆشراوە، گەیشتوە بە حەوت ملیار و 115 ملیۆن دۆلار، بەتێکراى 71دۆلار و 11 سەنت بۆ هەربەرمیلێک.

هەناردەکردنى ئەو بڕە نەوتە لەکاتێکدایە کە عێراق دووبارە گەڕایەوە بۆ ریزبەندى پێنج گەورەترین ئەو وڵاتانەى کە نەوت هەناردەى ئەمریکا دەکەن.

بەشێوەیەک لەماوەى یەک هەفتەى رابردوو رۆژانە بڕى 216 هەزار بەرمیل نەوتى خاو هەناردەى ئەمریکا کراوە، بەوئامارە بڕى هەناردەکردن بەراورد بە هەفتەى پێشوو دوو هێندە زیادیکردووە.

بەگوێرەى داتاکانى فەرمانگەى زانیارى وزەى ئەمریکا، کەنەدا لەپلەى یەکەمدێت بەهەناردەکردنى بڕى سێ ملیۆن و 776 هەزار بەرمیل، مەکسیک رۆژانە بڕى 758 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەى ئەمریکا دەکات، سعودیە بە هەناردەکردنى بڕى 460 هەزار بەرمیل لە پلەى سێهەمدایە و دواى ئەویش عێراق دێت کە رۆژانە بڕى 216 هەزار بەرمیل نەوت رەوانە دەکات.