“فیبا” رەزامەندی دەربڕی کە سوریا میواندارێتی پاڵاوتنەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس بۆ باسکە بکات
رەققە – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی باسکە (فیبا) رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی سوریا میوانداری پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024 بکات.
لە دوانزەی مانگی ئابدا، پاڵاوتنەکان لە هۆڵی شاری وەرزشی ئەلفەیحا لە دیمەشق دەستپێدەکەن، ئەمەش بۆ یەکەمجارە هەڵبژاردەی سوریا مافی ئەنجامدانی یارییەکانی لە سوریا لە ساڵی 2011 ەوە پێدەدرێت.
“تەریف قوترش”، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی باسکەی سوریا، ئەم هەنگاوەی بە “گرنگ بۆ وەرزشی سوریا” باسکرد، چونکە دوای دوورکەوتنەوەیەکی زۆر دێت لە میوانداریکردنی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان، جگە لە بەشداریکردن لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی ساڵی رابردوو، بەپێی ئەوەی ئاژانسی نیمچەحکومی “سانا” خستویەتەڕوو.
“قوترش” داوای هەوڵی هاوبەشی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد بۆ سەرکەوتنی ئەم پاڵاوتنانە و نیشاندانی تیمەکە بە “وێنەیەکی گەشاوە” و گەڕاندنەوەی درەوشاوەیی بۆ سوریا، بەو هیوایەی ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بەدەستبهێنرێت.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، ئەمینداری گشتی فیدراسیۆنی تۆپی باسکەی ئاسیا، “ئاگۆب خارجیان’، سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی تۆپی باسکە، “تەریف قوترش” کۆبووەوە و رێککەوتن لەسەر میوانداریکردنی پاڵاوتنەکان کرا، بەپێی رۆژنامەی “تشرین”.
تیروپشکی پاڵاوتنەکانی باسکە بۆ یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریسی 2024، هەڵبژاردەی سوریای خستە کۆمەڵەی دووەم، کە لەگەڵ تیپەکانی کازاخستان، سعودیە و ئەندەنوسیا، کێبڕکێ دەکەن.
تا ئێستا میدیا فەرمییەکان باسی ئامادەکارییەکان و رادەی ئامادەیی فیدراسیۆنی تۆپی باسکەیان بۆ سەرکەوتنی پاڵاوتنەکان نەکردووە.