فەرەنسا.. لە چوارەم رۆژی گرژی و ئاڵۆزیییەکانی وڵاتەکە زیاد لە هەزار کەس دەستگیرکراون

هەولێر – نۆرس پرێس

دەسەڵاتدارانی فەرەنسا لە چوارەمین شەوی نائارامییەکانی وڵاتەکەدا بەهۆی کوژرانی مێردمنداڵیکی تەمەنی 17 ساڵ، بەڕەچەڵەک جەزائیری، نزیکەی هەزار کەسیان دەستگیرکردووە و 80 پۆلیسیشیان بریندارکردووە.

ناڕەزایەتی لە سەرانسەری فەرەنسا سەریهەڵدا، دوای ئەوەی پۆلیس تەقەی لە نایل ئێم کرد کە تەمەنی 17 ساڵ بوو و بە رەچەڵەک جەزائیری بوو، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی پاریس.

بەگوتەی پۆلیسی فەڕەنسا، پۆلیس داوای لە مێرمنداڵەکە کردووە، ئۆتۆمبێلەکەی بوەستێنێت، بەڵام ئەو نەک بە گوێی پۆلیس نەداوە، بەڵکو هەڕەشەی لێکردوون کە بە ئۆتۆمبێلەکەی دەیانشێلێت و دەیانکوژێت، بەڵام پارێزەری گەنجەکە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.

مردنەکە کە لە ڤیدیۆدا گیراوە، “سکاڵای توندوتیژی و ڕەگەزپەرستی پۆلیس”ی لێکەوتەوە.

شەوی هەینی 45 هەزار پۆلیس، لەنێویاندا هێزی تایبەت، بۆ وەڵامدانەوەی ئاژاوەگێڕییەکانی سەرتاسەری وڵات جێگیرکران، پۆلیس لەدۆخی دوو شاری گەورە – مارسیلیا و لیۆن – خرایە حاڵەتی ئامادەباشی، باڵەخانە و ئۆتۆمبێلەکان ئاگریان تێبەردرا و دوکانەکان تاڵان کران.

وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا لە ماوەی شەوێکدا 994 کەسی دەستگیرکردنی لە سەرانسەری فەرەنسا ئەنجامدا، هاوکات 79 کارمەندی ئەمنی برینداربوون، هەروەها دوو هەزار و 560 ئاگرکەوتنەوە لەسەر رێگا گشتییەکان تۆمارکراوە.

سەرەڕای ئەمەش، وەزارەتەکە رایگەیاندووە، ناڕەزایەتییەکان “بە بەراورد بە شەوی پێشوو کەمتر توند بوون”.

لە بەردەوامی کاردانەوە ئەم رووداوەشدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی، “لە چەند کاتژمێری رابردوو لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە چەندین پێشێلکاری بەرامبەر بنکەکانی پۆلیس، قوتابخانەکان، دامەزراوە و شوێنی گشتی ئەنجامدراوە.

ئەو رەفتارانەش بێ پاسا و قبوڵنەکراون. بەهەمان شێوەش هیچ پاساوێک بۆ کوشتنی کەسێک نییە. لە هەمان کاتتدا سوپاسی هەموو ئەوانەش دەکەم هەوڵی هێورکردنەوەی گرژییەکانیانداوە

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی مارسیلیا زیاتر لە 80 کەس لە مارسیلیا دەستگیرکراون، دوای ئەوەی سەرۆکی شارەوانی داوای لە حکومەت کرد دەستبەجێ هێزی زیادە بنێرێت.

ئەو ئەفسەرە تەمەن 38 ساڵەی کە بەشدارە لە تەقەکردن لە هەرزەکارەکەدا، رایگەیاندووە، تەقەی کردووە، چونکە ترسی ئەوەی هەبووە ئۆتۆمبێلەکە خۆی و هاوکارەکەی یان کەسێکی دیکە لێبدات، تۆمەتی کوشتنی پلە یەک تۆمەتبارکراوە و خراوەتە دەستبەسەرکردنی کاتی.

بڕیار بوو دوێنێ شەممە، لە مەراسیمێکدا “نایل” لە گەڕەکی نانتری لە پاریسی پایتەخت بە خاک بسپێردرێت، کە تێیدا ژیاوە و کوژراوە، لە کاتێکدا پارێزەرانی خێزانەکە داوایان لە رۆژنامەنووسەکان کردووە کە بەشداری نەکەن.