وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی سوید لە عێراق دەکات

هەولێر-نۆرس پرێس

حکومەتی سوید بەفەرمی نامەیەکی ئاڕاستەی عێراق کرد و داوای لێبوردنی بۆ دەنێرێت و دەڵێت، “دوژمنایەتی ئیسلام ڕەتدەکەینەوە”.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە، نامەیەکی داوای لێبوردنیان لە هاوتا سویدییەکەیەوە پێگەیشتووە، کە پەشیمانی خۆی دەربڕیوە لە سوکایەتیکردن بە قورئانی بەرز، جەختیشی لە ڕەتکردنەوەی توندوتیژی کردوەتەوە لە دژی ئایینی ئیسلام.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە نامەکەی سویددا هاتوە، لێکۆڵینەوە سەبارەت بە پێشێلکاری گومانلێکراو بەپێی یاسای تاوانەکانی ڕق لە روداوەکە دەکرێت و  سوید دوژمنایەتی ئیسلام ڕەتدەکاتەوە.

شەوی رابردو ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی سوید لە عێراق کردوە و ئاگاداری کردوە لە ناڕەزایەتی توندی عێراق بەرامبەر بە ڕێگەدان بە توندڕەوەکان بۆ سوتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتەکەی داوا لە حکومەتی سوید کردوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ وەستاندنی دوبارەبونەوەی سوکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز.

28ی ئەم مانگە، لە یەکەمین رۆژی جەژنی قوربان هاوڵاتییەک کە کۆچبەرێکی عێراقییە لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوید، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سوتاند، لەوکاتەوە تادێت ناڕەزایی و دژایەتی ئەو کارە لە کۆمەڵگە مسوڵمانەکاندا زیاتر دەبێت.

ئەو پەنابەرەی کە قورئانی پیرۆزی لە ستۆکهۆڵمی پایەختی سوید سوتاند تەمەنی 37 ساڵانە و خەڵکی پارێزگای نەینەوایە، دوێنێ بۆ جاری دوەم کۆپییەکی لە قورئانی پیرۆزی لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید سوتاند، پێشتریش لەلایەن دادگای فیدڕاڵی لە ستۆکهۆڵم رەزامەندی لەسەر ئەو کارە دراوە.