سەرۆکی حکومەتی ههرێمی كوردستان سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەی لە میحوەری پردێ کرد بە مەبەستی بەسەرکردنەوە و هەواڵپرسین و پیرۆزبایی جەژنی قوربان.
سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا ستایشی خۆڕاگری و قوربانیدانی پێشمەرگەی کرد کە وەک هەمیشە بەرگری لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەکەن.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە پابەندە بە دەستوور و ئەو ڕێککەوتننانەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ واژۆ کراون و لە هەمانکاتدا، دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانیشی نابێت.
سەرۆکی حکومەت باسی لە کێشەی داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد و تورکمانی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد کە لەمبارەیەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بووە و داوایکردووە سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییە دەستوورییە دابنرێت و سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش، هەندێک ڕێکاری گرتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
سەرۆکی حکومەت جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانە لە چوارچێوەی ماددەی 140 ی دەستوور کردەوە.