نیشتیمانی رەسەنی سەرهەڵدانی جۆرە هەرەبڵاوەکەی بەکتریای تووشکەری سیل ئەوروپا بووە

هەولێر – نۆرس پرێس

توێژینەوەیەکی پزیشکیی نێودەوڵەتی دەریخستووە نیشتیمانی رەسەنی سەرهەڵدانی جۆرە هەرەبڵاوەکەی بەکتریای تووشکەری سیل ئەوروپا بووە هەزارساڵ لەمەوبەر و پاشان بۆ ناوچەکانی دیکەی جیهان گوێزراوەتەوە.

توێژینەوەکە پشتی بەستووە بە شیکاری جینیی بەکتریا تووشکەرەکانی نەخۆشی سیل.

لە توێژینەوەکەدا، کە لەلایەن کۆلێجی زانکۆیی لەندەن و ئەنستیتۆی تەندروستی کۆمەڵگەی نەرویج ئەنجامدراوە و لە جۆرناڵی زانستی (Science Advances) بڵاوکراوەتەوە، ئەوەشی بۆ دەرکەوتووە کە سەرسەختیی بەشێک لە بەکتریاکانی سیل لە بەرامبەر دەرمانە دژەزیندەکان لۆکاڵییە و لە هەر وڵات و ناوچەیەک بە جیا ئەو بەرگرییەیان پەیداکردووە، بۆیە زاڵبوون بەسەریدا مەحاڵ نییە.

بەگوێرەی بەدواداچوونە جینییەکان، جۆرە بڵاوەکەی بەکتریای تووشکەری سیل ساڵی 1096 لە ئەوروپا سەریهەڵداوە و دواتر بۆ وڵات و کیشوەرەکانی دیکە گوێزراوەتەوە.

بەگوێرەی لێکدانەوە زانستییەکان، سەرەتا بەکتریاکە لە ئەوروپاوە بە ئاراستەی رۆژهەڵات رۆیشتووە و سەدەی سێزدە گەیشتووەتە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا.

پاشان بە ئاراستەی باشوور بەرەو ئەفریقا گوازراوەتەوە و لە سەدەی پازدە گەیشتووەتە ئەو شوێنەی ئێستا کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی لێیە و پاشان لە سەدەی حەڤدە گەیشتووەتە باشوور و رۆژهەڵاتی ئەفریقا.

پێشووتر وا بڕوادەکرا جۆرە بڵاوەکەی بەکتریای تووشکەری سیل لە ئەفریقا سەریهەڵداوە و پاشان بۆ ناوچەکانی دیکەی جیهان گوێزراوەتەوە، بەڵام بە گوێرەی توێژینەوە نوێیەکە، ماڵی رەسەنی ئەو بەکتریایە ئەوروپایە و لە رێگەی کۆڵۆنیالیستە ئەوروپییەکنەوە گەیشتووەتە ئەفریقا.