توێژینەوەیەکی شۆککەر: برسێتی بووەتە “دیاردەیەکی ئاسایی” بۆ ملیۆنان کەس لە بەریتانیا!

هەولێر – نۆرس پرێس

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی پەیمانگای زانکۆی ساسێکس بۆ توێژینەوەی گەشەپێدان کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردووەتەوە، برسێتی  لە بەریتانیا بووەتە “دیاردەیەکی ئاسایی” بۆ ملیۆنان کەس وڵاتەکە.

مێلیسا لیچ، بەڕێوەبەری پەیمانگای توێژینەوەکانی گەشەپێدان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، “جێگەی نیگەرانییە کە 14%ی دانیشتوانی بەریتانیا بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن، دەستڕاگەیشتن بە خۆراک لە بەریتانیا بە شێوەیەکی بەرفراوان نایەکسانە”.

لە بەریتانیا ژمارەی ئەو بانکە خۆراکیانەی کە ژەمە خۆراکی بێبەرامبەر بۆ کەسانی کەمدەرامەت دابین دەکەن، لە 10 ساڵ لەمەوبەر کەمتر لە 100 بانک بۆ زیاتر لە دوو هەزار بانک لە ساڵی 2021 زیادی کردووە، لە مانگی ئەیلولی 2022دا 9 ملیۆن و 700 هەزار کەس بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن.

بەڕێوەبەری پەیمانگاکە روونیکردەوە: “لە ماوەی دەیەی رابردوودا، رێکخراوە خێرخوازیەکان دەستیان کردووە بە پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانی دەوڵەت، بەڵام ئەم شێوازە پراکتیکی و بەردەوام نییە بۆ چارەسەرکردنی پەرەسەندنی بڵاوبوونەوەی برسێتی”.

بڵاوکردنەوەی ئەم توێژینەوەیە لە کاتێکدایە کە نرخی خۆراک بەرزبووەتەوە بۆ ئاستێکی بێ وێنە، بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، لە مانگی ئایاردا بە بەراورد بە ساڵی رابردوو لەسەدا 18ی تێپەڕاندووە.

هاوکات لەگەڵ سەقامگیری هەڵاوسان لە مانگی رابردوودا بە ڕێژەی 8.7%، ئێستا بەریتانییەکان خۆراکی کەمتر دەکڕن، بەپێی ئەو زانیاریانەی هەفتەی رابردوو بڵاوکراونەتەوە.